وڵات_میدیا #کوردستان
ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دهكات بە سەرۆکایەتیی بەڕێز برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و به ياوهريى بەڕێز ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.
ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پهيوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ حکوومەتی وڵاته یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە.
داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسهر بکەن.
ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین.
هاوکات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بهردهوامى چارەسهری كێشهكانی نێوان حکوومەتی فيدراڵيى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. وێڕاى سهختييهكانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران بهڕێز محەممەد شیاع ئهلسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED