وڵات_میدیا #کوردستان
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و راپرسی لە سەر پرۆژەی دەستوری نوێی ٢٠٠٥ (کە دەتوانین بڵێین دەستورێکی زۆر باشە)، کورد بەهێزترین و رێکخراوترین و کاریگەرترین پێکهاتە بوو…
سەرەڕای بونی لەمپەری گەورە، بەڵام لەو کاتەدا نوێنەرایەتی کورد (دەسەڵات) دەیانتوانی پێشەنگبن و رۆڵی گەورەیان هەبێ لە:
یەک: چەسپاندن و جێبەجێکردنی وردو درشتی ناوەڕۆکی دەستورەکەو بنیاتنانی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسی راستەقینەو خاوەن دامەزراوەی بەهێزی نیشتیمانی.
دوو: لە ئاستی شەقامی عێراقیدا خاوەنداری و زاڵکردنی گوتاری پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن لە نێوان کۆی پێکهاتەکانی وڵات و بەرقەرارکردنی ئازادی و ئاشتی و برایەتی.
سێ: خاوەنداری لە پرۆژەی قەرەبوکردنەوەی کۆی قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس، بە قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجەو روخاندنی گوندەکانی کوردستانیشەوە.
سێ: هاوتەریب کارکردن بۆ گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تر بۆ سەر هەرێم.
بەڵام لە بەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد هەر لە سەرەتاوە بە عەقڵیەتی بچوکی خێڵ و بەنیەتی خۆدەوڵەمەندکردن و تاڵانی و نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ئیقلیمی گەڕابونەوە بۆ بەغدا، ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارو هاندەرانەی کە وای کرد دەسەڵاتدارانی پێکهاتەکانی تری عێراقیش هەمان رێچکەی بەدی ئەمانەی کورد بگرن.
هەر لە سەرەتاوە، لە ناخدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیانخۆشبو لە بەسڕە نەوتێکی زۆر بدزرێ، بۆ ئەوەی ئەمانیش بتوانن زۆرترین بڕ بیدزن، پێیانخۆشبو هەر پێکهاتەیەک خاوەنی میلیشیای خۆی بێت، بۆ ئەوەی ئەمانیش هێزی ٧٠ و ٨٠ و فەوجی حیمایەو زانیاری و پاراستنیان بمێنێ، پێیانخۆشبو لە بەغداوە دەستور پێشێل بکرێ بۆ ئەوەی ئەمانیش بە کەیفی خۆیان پێشێلی بکەن…هتد.
واتە ستراتیجیان ئەوە بوو بەغدا وێرانبێت، بۆ ئەوەی لەوێوە کەس نەیپەرژێتە سەر حکومڕانیان لە هەرێم، لەملاشەوە بە بەراوردکردنی هەرێم بە بەغدایەکی وێران کاریان بۆ ئەوە دەکرد خەڵکی کوردستان بە هەمو شتێک رازی بێت!
کورت و پوخت لە هەردوو ئاستی هەرێم و بەغداشدا ، (حیزفرسەتی) فەلسەفەو جەوهەری گوتار و تاکتیکی دەسەڵاتدارانی کوردی پێکدەهێنا!
سەردەمانێک هێزی ئەم گوتارە گەشتە ئاستێک هیچ منەتێکیان بە زۆرینەی هەر زۆری خەڵکی کوردستان نەماو هەرکەس و لایەنێکی دڵسۆز رەخنەی لێدەگرتن بە خائین وەسفیان دەکرد، یان تیرۆریان دەکرد.
تا سەرئەنجام خەڵکی کوردستان لە روی سیاسی و ئابوری و تەنانەت ئەخلاقیشەوە باجەکەی بە قورسیدا و ئینتیما بۆ نیشتیمان و نەتەوەو شەهید و کۆی پیرۆزیەکان گەشتە خاڵی سفر و لەولاشەوە (دوو منداڵی بنەماڵە) بە هۆی داهاتی دزراوی نەوتەوە، بەقەدەر سەتان هەزار گەنجی دەرچوی زانکۆ پارەداربوون.
پارتی رابەرایەتی ئەم گوتارەی دەکرد، بەرپرسانی باڵای یەکێتیش بە وەرگرتنی بەرتیلی هەرزانی پارەی نەوت و پۆست لە کوردستان و بەغدا شەرعیەتیان بە پرۆسەکە دەدا.
ئێستا ئەوەی لە بەغدا بە ناوی رێکەتنەوە کراوە یان دەکرێ رێکەوتن نابێت، بەڵکو بڕینی بەشێکی تر لە نینۆکەکانی دەسەڵاتی کوردیی و زەلیلبونی گوتارە بێزراوەکەیان دەبێت.
جارێ زووە تا بزانین لە داهاتودا چیتر رودەدات، بەڵام ئومێد دەکەم ئەم قۆناغە نوێیە بە قازانجی هاووڵاتیان بێت و سەرەتاو دەرفەتێکبێت بۆ ئەوەی هەڵەکانی رابردوو وردە وردە راست بکرێنەوەو لە ئاستی عێراقدا بە هەرێمیشەوە حوکمی دەستورو خۆشگوزەرانی و زەمینەی پێکەوەژیان، جێگای ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا بگرێتەوە، بە تایبەت کە هاووڵاتیانی کوردستان ماندون و پێویستیان بە تۆزێک حەسانەوە هەیە.
بێگومان کارکردن بەم ئاڕاستەیەدا رێگا راستەکەیە…