گۆھدار زێباری لە زیندانەوە: ژیان – ماف-ئازادی، تۆ باسـی ژیان دەکەیت ؟؟ کـورە ئالیك گران بووە ئالیك!!

  • April 1, 2023
  • 157 Views
گۆھدار زێباری لە زیندانەوە: ژیان – ماف-ئازادی، تۆ باسـی ژیان دەکەیت ؟؟ کـورە ئالیك گران بووە ئالیك!!

#وڵات_میدیا #کوردستان

گوهدار زێباری لە زیندانەوە لە ساڵرۆژی بونیدا بە کورتە چرۆکێک بەناوی “خانسەرای کەرەدێزەکان” باسی ئازادی و شانازیکردن دەکات.

“کە دەڵێن ماف-ژیان-ئازادی درۆیە…ناا..ناکرێ ئەمە درۆ بێت چونکە دەڵێن سیاسەتیش درۆیە، بەڵام سیاسیەکان خۆش گوزەرانن و وەکو قاز قەڵەون”

لێرە درۆکردن ئەوەندە زۆر بووە هەتا وای لێهاتووە وەکو ڕۆژی زمان، ئاڵا ،نیشتیمان شانازی پێوەبکرێت و ڕۆژێكی بۆ دابنرێت، تا نەکەومە ناو حەشامەتی ئەم هەموو درۆیە دەمویست ڕۆژێك پێشتر یان پاشتر لەدایك ببم بەڵام نەکرا بۆیە وەکو ماسیەكی لە ئاو دەرهاتوو هەموو هەوڵێك دەدەم کە تێدا بزر نەبم.

کە دەڵێن ماف-ژیان-ئازادی درۆیە…ناا..ناکرێ ئەمە درۆ بێت چونکە دەڵێن سیاسەتیش درۆیە، بەڵام سیاسیەکان خۆش گوزەرانن و وەکو قاز قەڵەون و رۆژ بە رۆژ هینەکەیان تەنگ تر دەبێت، بەکێکێکی بورجی پاریس و بە شەرابێکی ڕۆیالی ڕۆژی بونیان دەکەنەوە ئەی دەبێ بۆ …کێکەکەم کولێچە و شەرابەکەشم چایی بێت..!!!

– دڵی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم قەینا خۆ هەردووکمان دەژین…

-ئێ راستە هەردووکمان دەژین بەڵام من ئاوا و ئەوانیش ئاوا !!.

لەم بێنە و بەردەیە دا ڕۆچوبوم لە پڕا کەوتمە ناو چاڵە ئاوێکی جادە دا قورگم پڕ بوو لە قوڕاو وەکو مشکێکی تەڕ بوو لە قوشبنی دیوارێك پاڵم دایەوە بە ئۆتۆمبێلێکی وەرگەڕاو، چاوم کەوتە سەر بۆکەڵەیێکی نیوەسوتاو بیرم کردەوە ئاخو دەبێ بۆچی منداڵەکانمان ئەوەندە بەدبەخت بن لە شوێنێك لەدایك دەبن تەمەنیان بە قەد پەپولەیەك بێت.

سەرما وەکو بارینی تەرزە سەما بە جەستەم دەکات ددانەکانم وەکو دەراسەیەکی دێزە خەریکە شەویلکەکانم دەردێنێ

لەو دیوی جادە قاقای پێکەنینێك هات سەیردەکەم “کەرە تۆپیوەکەی عەزیز نەسین”ە لەسەر پشت کەوتوە ناو چاڵێکی تەنیشت جاددەکە…هاوار دەکات گۆتت چی؟؟!!

ژیان – ماف-ئازادی، تۆ باسی ژیان دەکەیت ؟؟ کۆرە ئالیك گران بووە ئالیك!! هەر چی باری ئەم دەشت و شاخ و نشێوانەیە پێیان کێشام لە پێناو مشتێك ئالیك کە ئالیك گران بوو دێزە کەرەکان لەخان سەرا وەدەریان نام و فرێیان دامە ئەم چاڵە، توخوا سێ دەرهەم ئەوە دەهێنێت ژیانی کەرێکی وەکوو منی بۆ فیدا بکەن…

وە ئێستاش لە خەمی ئەوەدام شتێك نەما بەناوی کەرێتی کە شانازی پێوە بکەم !!

-ووتم چی کەرێتی شانازیە؟!

-ووتی بەڵێ… لە مەملەکەتێك کە عەقل فڕێ بدرێتە ناو چاڵەکان و ماف و ئازادیش وەکو مەڕێك بن کە بە دڕك دەورە درابێت هەر کە پێ وە نوسا بە عەزرائیل وئسرافیلیش لێی نەکرێتەوە و هیچ یاسایەك لە تەجەوزاتی دێزە کەرەکان نەپارێزێت ناچاری شانازی بە کەرێتیەوە بکەیت..!!

١ی ٤ی ٢٠٢٣

– تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق

https://t.me/WLLATMED

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو