هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان؛ ئەو قسانەی ئەنجومەنی ئاسایش هۆکاری سەرەکی راگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان تورکیا و فرۆکەخانەی سلێمانین!
رونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە دیاریکردنی هۆکاری راگرتنی گەشتەکان تارادەیەکی زۆر هەمان ئەو تۆمەتانە ئاراستەی سلێمانی دەکات کە بە مانشێت رۆژنامەی هەولێری پارتی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی بڵاوکردۆتەوە،و دوریش نیە سەرچاوەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەمان ئەو بەیاننامەیە نەبێت کە بایەخێکی زۆری پێدرا لە لایەن میدیای پارتییەوە!
گریمان زانیارییەکانی ناو بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش سەداسەد راستبون، ئایا زانیاری لەو جۆرە هی ئەوەن بکرێنە مانشێتی رۆژنامەکان و بخرینە میدیا یان هی ئەوە بون لە ئاستی تر کاریان لەسەر بکرێ! ئەوەی ئەلف و بێی کاری ئەمنی بزانێ و تۆسقاڵێک لە خەمی ئاسایشی هەرێمدا بێت، ناکۆکی سیاسیی حزبی وای لێناکات بەمجۆرە وڵاتێکی وەک تورکیا دژی شارێکی هەرێمەکەی خۆی هانبدات!
ئەمە جگە لەوەی دژایەتی سلێمانییە، لێدانێکی گەورەیە لە ئاسایشی نیشتیمانی هەرێم و هەرکەسێکی تر بەیاننامە و لێدوانی وای بڵاوبکردایەتەوە پارتی تۆمەتی ناپاکی گەورەی دەخستە پاڵی!
بەهیوای ئەوەی بەزویی گەشتە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بە ڕوی سلێمانیدا بکرێنەوە و بۆ ئەوەش بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی.