با داهاتی نەوت بۆ خەڵک بێت
پێشرەو مەلا وەیسی
وڵات_میدیا #کوردستان
لە سەرەتای بەرهەمهێنانی نەوت و بەدەرکەوتنی لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خستیە خزمەتی خەڵکەوە، بەچەند کەرەستەیەکی سەرەتایی ناوخۆییەوە توانی لە شیواشۆکەوە نەوت بەرهەمبهینێت و بیکاتە بەشێکی سەرەکی لە پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە عیراق خۆی بەدەست گەمارۆدانێکی ئابووری سەختەوە دەیناڵاند، لەو نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان دوو گەمارۆی لەسەر بوو، نێودەوڵتییەکەی سەر عیراق و لەلایەکی تریشەوە عیراق گەمارۆی ئابووری خستبووە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێتی توانی لە رێگەی بیرە نەوتەکانی شیواشۆکەوە بەڕادەیەکی باش پێویستی بە سووتەمەنی نەمێنێت و چاوی لە دەستی وڵاتانی چوار دەور نەبێت و پێداویستی رۆژانەی خەڵکی پێ دابینکردبوو.
ئەو هەنگاوەی یەکێتی لەو ساڵانەدا دۆستەکانی دڵخۆش کردبوو، وە بۆ نەیارەکانیش کێشە، بگرە وەک نوکتە باسدەکرا و پێیان وابوو یەکێتی ئەو کارەی پێناکرێت، کاتێکیش زانییان خەریکە دەکەوێتە سەرپێ، کەوتنە دوژمنایەتی و پیلانگێڕی بۆ شکستپێهێنانی، بەڵام سەرەنجام سەرکەوت و خستییە خزمەتی خەڵکەوە.
نەوت وەک یەکەمین بەرهەمی دوای راپەڕین یەکێتی بەدەستیهێناوە و بۆ خەڵکیش کردییە رەحمەت و پێداویستی رۆژانەی خەڵکی پێپڕکردەوە.
هەر لەم روانگەیەشەوه هەوڵی گەورەکردنی بەرهەمهێنانی لە هەرێمی کوردستان دا، بەڵام بەو شێوە و شێوازی حوکمدارییە نا کە بەم دواییانە گەمەی پێوە دەکرا و ناشەفافی لە پڕۆسەکەدا هەبوو، یەکێتی پێچەوانەکەی بینی بۆیە تیمی حکومەتەکەی بڕیاری کشانەوە و هەڵپەساردنی کارەکانیاندا لەو حکومەتەی نەوت و سامانەکەی خستبووە خزمەتی حزبێکی دیاریکراو و بنەماڵەیەکەوە.
یەکێتی وەک حزبێکی نیشتمانی و شۆڕشگێڕ لەپێناوی خەڵک تێدەکۆشێ و لە هەرکوێیەکیش بەرژەوەندیی خەڵک هەبووبێت، ئەو پێشوازی لێکردووە و هەر ئەوەش لە یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی چاوەڕواندەکرێت.
کەوابوو یەکێتی نەوتی بۆ چییە؟ بۆ خزمەتی خەڵکییەتی و دەیەوێ نەوت ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و نیعمەت بۆ خەڵک نەک بەڵا و لەعنەت.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED