بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مایەی قبووڵکردن نییە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەدات. ئێمە چاوەڕێی کۆدەنگیی کورد و لایەنە سیاسییەکانمان دەکرد لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا، بەڵام هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانە بن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە وەفدی باڵای عیراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و هەریەک لە حەمید ئەلشەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولوەهاب ئەلساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عیراق و فەریق قیس ئەلمحێمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەمنی و سەربازی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندە ئەمنییەکان و هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوتوێکران و جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاک و وڵات کرایەوە و یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، وەفدی میوان، لایەن و سەرکردە عیراقی و کوردستانییەکانی کرد کە لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە ترسناک و مەترسیدارەدا هاتوونەتە دەنگ و داواشیکرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنە راسپێردراوەکە راستی و هۆکارەکانی پشت ئەم هێرشە بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.
لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەرپرسیارێتییە هاوبەش و ئەرکە نەتەوەییەکانەوە بۆ پاراستنی گەل و وڵات رایگەیاند، چارەنووسمان بەندە بە یەکێتی و تەباییمانەوە، نابێت رێگە بە کەسانێک بدرێت چاوساغی بۆ بێگانە بکەن و ئاسایشی نەتەوەییمان بخەنەژێر مەترسییەوە.
لە بەشێکیتری روونکردنەوەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مایەی قبووڵکردن نییە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەدات. ئێمە چاوەڕێی کۆدەنگیی کورد و لایەنە سیاسییەکانمان دەکرد لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا، بەڵام هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانە بن.
لەبەرامبەردا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ئاماژەی بە ئارامی و هێمنی دۆخی سلێمانی کرد و رایگەیاند، ئێمە هاتووینەتە سلێمانی بۆ ئەو شارەی بە دڵە گەورەکەی سەرۆک مام جەلال ناسراوە، خۆشحاڵین دۆخەکە ئارامە و کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان نەبووە. وتیشی، سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی مایەی شانازی ئێمەیە، چونکە لەسەرەتای دروستبوونی کێشەکانی عیراق و پێکهێنانی حکومەتیش، هەڵوێستی ئەرێنی هەبووە و رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاشکراشیکرد، بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەکەین و بەهەمووشێوەیەک دژی کردەی تاوانکاری بەرامبەر خاک و گەلەکەمان دەوەستینەوە.
– تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق