گوڵستان سەعید:ناکۆکیەکانی یەکێتی و پارتی
کاریگــــــەری لەسەر دەرونی
خەڵک دروست کردووە
گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، لەبارەى ئەو بانگەوازەى ئاراستەى پەرلەمان و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانیان کردوە، ئەمڕۆ سێشەممە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی وت”بزوتنەوەى گۆڕان هەمیشە جەختى کردوەتەوە لەو بەرنامە چاکسازییەى کە لەسەرى دروستبوە و مانەوەشى لە حکومەت هەر لەسەر ئەو بەرنامەیەیە کە لەسەرى رێککەوتوە.”
بە وتەى گوڵستان سەعید، دیدگاى ئەوان بۆ پەرلەمان و حکومەت کارکردنە بەبێ جیاوازى، خزمەتکردنى هاوڵاتییانە بەبێ لەبەرچاوکردنى ئاراستەى سیاسی و حزبى.
وتیشی: “ئێمە دەزانین رەوشێکى ناسەقامگیر هەیە، بۆیە بانگەوازمان کردوە بۆ لایەنەکان و پەرلەمان و حکومەت کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و چیتر نەبنە هۆى بارگرانى بەسەر خەڵکەوە”.
بەپێى بانگەوازەکەى فراکسێۆنی گۆران، داواکراوە پەرلەمان بانگێشتى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى بکات و لەبارەى ناکۆکییەکانیانەوە لە پەرلەمانەوە گفتوگۆ بکرێت بۆ دۆزینەوەى رێگە چارەیەک لە نێوان یەکیتى و پارتى و سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى.
بەوتەى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، “ئەم دۆخەى لە نێوان یەکێتى و پارتى دروستبوە، کاریگەرى کردوەتە سەر دەرونى خەڵکى و بازارو ئابورى، بۆیە پێویستە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.”