وڵات_میدیا #کوردستان
رۆژنامەنووسان چەکی دەستیان قەڵەمە، بۆیە دەبێت بە قەڵەم وەڵام بدرێنەوە، نەک تیرۆریان بکەن و بە تۆمەتی ناڕەوا بیانخەنە زیندانەوە ..
بەبۆنەی یادی سەد و بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (رۆژنامەی کوردستان)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و، هیوادارم بەردەوام بن لەسەر رێچکەی گەیاندنی دەنگی حەق و ناڕەزایی.
ئەوەی ئێمە بینیومانە لەم چەند ساڵەی رابردوو، لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخی رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لەوپەڕی خراپی دایە و، رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵدێر دەڕوات، بە شێوەیەک کە رەنگە بە نووسینی چەند دێڕێک و نیشاندانی چەند راستییەک، ژیانی رۆنامەنووس بکەوێتە مەترسییەوە.
رۆژنامەنووسان چەکی دەستیان تەنیا قەڵەمە، ناکرێت دوو هێزی دەسەڵاتدار ئەوەندە دڵیان ناسک بێت، بەرگەی دێڕێک نەگرن لە دژیان بنووسرێت و، پەنا ببەنە بەر هێزە حیزبییەکانیان بۆ سەرکوتکردنیان و بێدەنگکردنیان، چونکە وەڵامی نووسین هەر بە نووسین دەبێت، نەک بە تۆقاندن و رفاندن و زیندانیکردن و کوشتن.
بەداخەوە دەسەڵات هەمیشە لە هەوڵی تەسککردنەوەی پانتایی ئازادی را دەربڕین و مافی رەخنەگرتنە، هەموو کات بیر لە دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتی بێ بنەما و تیرۆر کردنی رۆژنامەنووسان دەکاتەوە، کە بەداخەوە بەم هۆیەوە، لە دونیای دەرەوە وێنەیەکی ناشرین بۆ هەرێمەکەمان دروست بووە، لەبەرئەوەی ئازادی رۆژنامەگەری ئەوپەڕی دیموکراسیەت پیشان دەدات.
هیوادارین دەسەڵات واز لەو دڵ ناسکییەی بهێنیت بەرامبەر رۆژنامەنووسان، لەبەر ئەوەی ئەوان، ئاوێنە ئاسا کاردەکەن بۆ نیشاندانی ناشرینی و کەم و کوڕییەکانيان، بۆیە دەبێت بە سوپاسەوە سوودیان لێ ببینن و هەڵەکانيان چارەسەر بکەن، نەک ئازاریان بدەن.
وەک هەمیشە، ئێمە بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی تاکەکەس و رۆژنامەنووسان، لەپێناو گەیاندنی دەنگی حەق و راستییەکان. دروود بۆ گیانی پاکی ئەو رۆژنامەنووسانەی گیانی خۆیان بەخت کرد لەپێناو کارە پیرۆزەکەیان و، نەفرەت لە بکوژان و ئازاردەرانی رۆژنامەنووسان.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED