وڵات_میدیا #کوردستان
گاڵتەجاری لەحکومڕانێتیدا
- حکومەتەکانی دونیای ئەمڕۆ، بەگەورەو بچووک و کاریگەرو دوورو نزیکیانەوە، بەدوای چارەسەری کێشەکانی وزەو ژینگەو ئەتۆم و گەرم بوونی زەوی و بنبڕی بازرگانی کردن بەچەک و بەمرۆڤ و ئەم شتانەوەن، حکومەتی هەرێمی’ش لەم قوژبنۆچکەیەی دونیاوە، لەسایەو سێبەری سەرۆک وەزیران و کابینە شکستخواردوەکەی، قاڵوو قوڵبونەوەی کێشەو ئاریشە ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە سواوەکان، خەڵکی هەرێمی کوردستانی سەرگەردان و تەریک سواری سەری خۆیی کردون بەرەو هیچ کوێ!!
- لەپێش مێژوودا مرۆڤایەتی لەکاتی کێشەو بێشەو قەیرانەکاندا، دەکەوتە بەردەم تەنها دوو بژاردەوە، شەڕ یان ڕاکردن، پێدەچێ لەم سەردەمی مۆدێرنەیەدا، گاڵتەجاڕی بەتەواوەتی بووبێت بەجێگرەوەی سێیەم، شەڕ بکە، ڕابکە، یان پێبکەنە، عەقڵیەتی دوو گیان بەخۆ وێناکردنەوەو خۆ دوبارەکردنەوەو خۆجوینەوە، ڕوحیەتی ڕاکردو لەحەقیقەت لەواقیع، لەڕاستیدا گاڵتەجاڕو پێکەنیناوین، چونکە هەرگیز بژاردەیەکی باشترت ناداتێ، ئەم وەهمی خۆبەزۆرزانی و لەخۆڕازیبوونە کوێرانەیەی سەرۆک وەزیران پاڵنەرەکەی لەنەریتێکەوە دێ تەنگەبەرو تاریک، لەو باوەڕەدایە ئەگەر چاکەو باشییەک هەبێ، ئەوە لەخۆیەوەیەتی و لەخۆیەوە دێ، باقیات بوونی نییەو نابێت!!
- گەر تادوێنێ خەمساردی و بێمروەتییەک هەبووبێ، ئەوە ئەمڕۆ جیهانیان و حکومەتەکانی دونیا نین مرۆڤی کوردو حکومەتەکەیان دونیا بەدەرو دەرە سیستم کردوە، ئەوە ئەو عەقڵییەتە نەشازو نەکوڵەکە گشتێنەرەیە هەرچی بکەوێتە دەرەوەی بستە باڵایی خۆی و دونیا بینییەکەی خۆیەوە، نەک هەر بەهای ناداتێ و بەگرینگی نازانێ سەرسەختانەو تەنانەت لەدەرگەو دەروازەکانی پشتییەوە دژو دوژمنایەتیشی دەکات.
- سواری سەری خۆبوون لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەزانی و هەڵاتنە لەحەقیقەت لەواقیع، ڕێگە ڕاستەقینەکەی سیاسەت و بەڕێوەبردن هاوسەنگییە، پشت بەستنە بەوەرگرتینی ڕاو ڕاوێژی ئەزموونی و تیۆری، سەرۆک وەزیران هەر ئەوە دەزانێ خۆی دەیزانێ و فێر کراوە، هێشتان بەهەمان ئاستی ئەو هۆشیاری و ڕوحییەت و عەقڵیەت و تێگەیشتنەی کێشەکانی خوڵقاندون، مامەڵەو ڕەفتار لەگەڵ چارەسەردا دەکات، هەر بۆیەش ناتوانێ چجۆرە ئەرگۆمێنت و ئەلتەرناتیڤێکی نوێ بهێنێتە ئاراوەو قبوڵ بکات.
- زۆرینەی هەرە زۆری کێشەکانی هەرێم لەخۆیاندا هەڵگری چارەسەرەن، بەڵام بەهەمان ئەو شێوازو پراکتیزەیە نا کێشەکانی لەسەر خوڵقاون، هەر کێشەو ئاریشەیەکی ئەمڕۆ بەزیهنیەتی دوێنێ چارەسەر بکرێت، بەدڵنیاییەوە سبەی لەفۆڕم و درزێکیتردا خۆی وێناو دوبارە دەکاتەوە، ڕەنگکردنی کێشەکان لەڕاستیدا بۆ ڕێگری کردنە لەچارەسەرەکان.
- هاواری کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاواری حزبی و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەم و ئەو نییە، هاواری بێدادی و خنکاندنی ئازادی و جیاکاری خزمەتگوزاری و زیندوکردنەوەی ستەمی چینایەتی و ناوچەگەرێتییە، ئەو سەرکردەو دەسەڵاتدارەی بییەوێ لەسەر کەوڵی قەیران و قوڵکردنەوەی کێشەکان نەشونماو گەشە بکات، دەبێ هێزو بوێری هەبێت، هێزو بوێری سەرکوتکاری و بگرەو بکوژەو پەرتکەو زاڵبەو بۆڵیۆدی نا، هێزو بوێری دەم و دەست و دڵکراوەیی عەقلانی.
- ئەو عەقلانییەتەی مرۆڤ لەبری فێرە شەڕ کردن لەگەڵ یەکتر بکات، فێرە شەڕ کردن لەگەڵ کێشەکانی دەکات، ئەوەی پێیوایە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەئارادا نییەو مەسەلەکە عیوە، هەر ئەوانەن لەبری چارەسەری کێشەکان دەیانەێ نیگەرانی و دەنگە ناڕازییەکان قوتبدەن.
- بەڵام ئایا ئەم واقیعە تاریک و تاڵە، دواجار هێز هەیە بتوانێ قوتی بدات، بێگومان نەخێر، چونکە تۆ هەرچەند بتەوێ دڵەڕاوکێ بنێیتەوەو بخوڵقێنی بەئامانجی ئەوەی حەقیقەت لەخەڵک بشاریتەوە دواجار ناتوانی، کێشەو قەیرانەکان سەرئەنجام دەرفەتی گەورەو ناوازە ئەدەنە خەڵک بۆ دەربازبوون و ڕزگاری.

- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED