#وڵات_میدیا #کوردستان
– ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
“٦٥٠٠ مزگەوت و بڵندگۆی ئاینی هەیە، تەنها چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشی مزگەوتهكهی شنگالیان كردووه”
– “مامۆستا هەبووە گوتاری ڕق ئامێزی هەبووە، دراوەتە دادگاو ڤیدیۆی پەشیمانبوونیشی بڵاوکردوەتەوە”
ڕونکردنەوەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتەکەی شنگال
– لەژێر ڕۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجامدرا، لە هەینی ڕابردوو چەند مامۆستایەکی ئاینی کە ڕێژەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تێپەڕی نەدەکرد ڕونکردنەوەیان دابوو لەسەر بابەتەکە بەڵام لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە.
لە ئیدانەی ئەو کارەدا، حکومەتی ڕایدەگەیەنێت کە لە هەرێمی کوردستان ٦٥٠٠ مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی بوونیان هەیە، لەکۆی ئەو ژمارەیە تەنها چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسڵمانانیان کردووە لە شنگال و ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دواتر لەگەڵ مامۆستا ئێزدییەکاندا دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوووسیدا دووپاتیانکردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق نەبووەو تەنها ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند گەنجێکی ئێزدی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەردهاوێشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئێزدییەکان تاوانبار بکرێن، بەڵکو وەک ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە بگیرێت و ڕێگەش لەو دەستە دەرەکییە بگیرێت کە دەیەوێت پێکەوەژیانی پێکهاتەکان تێکبدات لە هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و ڕقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان.
حکومەتی ڕاشیدەگەیەنێت، کە قسەی هەندێک کەسی نابەرپرس گوزارشت لە ڕای گشتیی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ناکات و لە پێشوودا سزای ئەو کەسانە دراون کە گوتاری تووندیان لە دژی پێکهاتەی دیاریکراودا داوە تەنانەت مامۆستای ئایینیش سزادراون لەسەر ئەم بابەتە.
دووپاتیدەکەینەوە سەرەڕای بوونی بارگرانی دارایى و هەبوونی دەستی دەرەکی بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردوستان، حکومەت بەردەوامە لە پەرەپێدانی مافەکانی ئێزدییەکان و شانازییەکی هەرە درەوشاوەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازە ئایینى و ئیتنیەکان.
لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر کەم لە پۆستی سۆشیاڵ میدیا هەبووە لە سەر ئەم بابەتە کە لە چوار بۆ پێنج کەس تێناپەڕێت، کەچی زۆر گەورە کراوە، گوتاری ڕق لە کوردستان بوونی نییە، مامۆستا هەبووە سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی لە مزگەوت لادراوە چونکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گوتاری ڕقئامێزی هەبووە بەرانبەر بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو و دراوەتە دادگا و ڤیدیۆی پەشیمانبوونیشی بڵاو کردووەتەوە. بە هەزاران مامۆستای ئایینی بە دیاریکراوی و بە کرداری هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگالیان سەرکۆنە کردووە بەڵام گوتوویانە کە ئەمە لەسەر برا ئێزدییەکان هەژمار ناکرێت، هەروەک چۆن ڕەفتاری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەسەر ئایینی ئیسلام هەژمار ناکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پتەوکردنی پاراستنی خوشک و برا ئێزیدییەکان، ئەوانەی لە هەرێم نیشتەجێن و ئەوانەی کە لە پاش هێرشی تیرۆرستانەی داعش ئاوارەی هەرێم بوون، هاوکارییەکانیش بریتین لە دەستەبەرکردنی خواستەکانیان و لەم دواییەشدا ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ کراوە. بە گشتی ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە بۆ ئاوارەکانیان لە هەرێمدا.
جگە لەوەش حکومەت پابەندبوونی چەسپاوی بۆ دۆزی کوردانی ئێزیدی نیشانداوە و هەوڵی داوە بۆ بنبڕکردنی هەر گوتارێکی تووند دژی پێکهاتەی ئێزدییەکان. حکومەت لەڕێگەی هاوبەشە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکانیەوە هەوڵی داوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن وڵاتان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەروەها بەمەبەستی داننان بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش حکومەت دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەڵگەدار کردووە.
تا ئێستا ٥١٧٠ دۆسیە تۆمارکراوە کە زیاتر لە ٢٣٢٤ دۆسیە لە دادگاکاندا یەکلایکراونەتەوە، ٢٠٠٠ دۆسیەی دیکەیان هێشتا ماون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ٢٩١٦ کەس وەک ونبوو تۆمارکراون، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە ٢٢٣٤ قوربانی کراوە. لەلایەکی ترەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش حکومەت، لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی عێراق (NCC) و دامودەزگاکانی هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیتاد) کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە بەتایبەتی دژی پێکهاتەی ئێزیدی.
حکومەت، هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێندراوان و بوودجەیەکیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، تا ڕێکەوتی ٢٢/٢/٢٠٢٢، ٣٥٥٢ کەس ڕزگارکراون لەوانە ١٢٠٧ کەسیان ژنن، ٣٣٩ کەسیان پیاون و ٢٧١٩ کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.
– تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق