بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی :هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتیە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی :هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتیە

وڵات_میدیا #کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت. وتیشی، هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت.
‏‎ بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەمووار بکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا.
‏‎لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن.
‏‎لەبەشێکی تری وتەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای هەڵوەستەکردن لە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق بەرچاوروونیدایە پەرلەمانتارانی یەکێتی و داوایکرد، وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت.
‏‎لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت.
‏‎سەرۆكی یەكێتی وتیشی، سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا.

  • تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
    https://t.me/WLLATMED

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو