د.ئامانج رەحیم: هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پارەی فرۆشتنی نەوتی خۆیدا نیە

د.ئامانج رەحیم: هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پارەی فرۆشتنی نەوتی خۆیدا نیە

وڵات_میدیا #کوردستان

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باس لە لێکەوتەکانی ماددەی 13ی بودجەی عێراق دەکات پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە و دەڵێت: مادەی 13 حوکمی پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات تاوەکو رێکەوتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە ئەوەش ئەگەرێکی دورە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

د ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە نوسینێکدا باسی لە ‎لێکەوتەکانی دو هەژمارە بانکییەکەی نێو ماددەی 13ی بودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان کردوە و ئاماژەی بەوەداوە، حوکمەکانی مادەی 13 لە یاسای بودجە دەبێتە جێگرەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2023 و لێرە بەدواوە مادەی 13 حوکمی پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات تاوەکو رێکەوتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە بەپێی بەرنامەی وزاریی کابینەکەی سودانی دەبوو شەش مانگ لە رۆژی پێکهێنانی حکومەتەکەوە، واتە لە 27-04-2023 پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی پێشکێش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرایە، بەڵام ئەوە دوو مانگ لەسەر ئەو وادەیەش تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکی جیدی لەسەر ئەو بابەتە نەنراوە.

دەشڵێت: “بە شارەزایی و رای خۆم گەیشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئەگەر ئەستەم نەبێت، زۆر زەحمەتە، چونکە جیاوازیی جەوهەری هەیە لە لێکدانەوە و تەفسیر و راڤەکردنی مادە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت، بەتایبەتیش مادەی (111) و (112)ـی دەستوور کە بەغدا وا لێکیان دەداتەوە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە دەسەڵاتی رەهای وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەش بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی کە پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکات و هەرچی هەرێمی کوردستانیشە پێیوایە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەسەڵاتێکی رەهای فیدراڵی نییە و مادەی 13ی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 دیسانەوە پشتیوانیی بۆچوونی حکومەتی فیدراڵی دەکات بە رەهاییبوونی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق”.

بەوتەی ئامانج رەحیم “بژارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی مادەی 13 لە بودجەی عێراق یان پەنابردنە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لە لایەن وەزیری دارایی عێراق کە لە راگەیێندراوێکدا خۆی ئاماژەی دا بەوەی کە بە نیازن تانە لە یاساکە بگرن لە دادگەی فیدراڵی، یان رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و نەوتە لەسەر میکانیزمی دەستنیشانکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی گونجاو کە زامنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بکات”.

ناوبراو یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ زامنکردنی بودجە و مووچەی خەڵک لە بەغداد بە حەتمی دەزانێت و دەڵێت: دەتوانن وا بکەن کە ئەو 906 ملیار دینارەی مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە دانراوە لەنێو بودجەی عێراق بە دووربگرن لەم کێشمەکێشمەی نەوت، لە ئەگەری ساخنەبوونەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چ لە بازاڕی جیهانی یان بازاڕی ناوخۆ، شایستەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی، ئیدی مادام کۆمپانیای سۆمۆ کۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داهاتەکەشی لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراقە، ئیدی هیچ بەهانەیەک نییە کە بەغدا شایستەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکات و دەبێت لەسەر بنەمای (مبدا المساواة امام القانون) کە لە مادەی 14ـی دەستوور هاتووە بە یەکسانی یاسا بەسەر هەموو هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت و رێکاری جیاکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگیرێتەبەر.

  • تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
    https://t.me/WLLATMED

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو