وڵات_میدیا #کوردستان
هەرچەندە کوردستان و عێراق و ناوچەکە ساڵانێکی زۆرە کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگەی لێ بەدەرکەوتووە، بەڵام هێشتا بە داخەوە ئەم پرسە نەبووەتە ئەولەوییەتی سیاسەت و حکومڕانی. ئێمە لە هەنگاوی سەرەتاداین، بەڵام جدین و بەردەوام دەبین لە راوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو تا ئەو کاتەی دەبینە خاوەن پلان و ستراتیژێکی گشتگیر تا بە هاوکاری هەمەلایەنە بتوانین بەرەنگاری مەترسییە ژینگەییەکان ببینەوە.
لەم چوارچێوەیەدا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی حکومەتی هەرێمم کرد لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان، باسی مەترسییەکانی سەر خاک و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان و عێراق و پێویستیی پاک کردنەوەیمان کرد. چەندین بیرۆکە و پڕۆژەمان تاوتوێ کرد بۆ پێکەوەکارکردنی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتانی دۆست لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان بەتایبەت و عێراق بەگشتی.
داوامان کرد راوێژکار و پسپۆڕ بە تایبەت لە بوارەکانی پاک کردنەوەی خاک و ئاو بنێرن تا هاوکاربن لە ئامادەکردنی پلان و چۆنییەتی جێبەجێکردنی. هەروەها داواشمان کرد کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی بیانی لەمەودوا زیاتر کار لەگەڵ رێکخراوە ژینگەپارێزەکان بکەن.