شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لە سلێمانی، لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری ژمارەیەک لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی دا کۆبۆوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، شێوازی خزمەتکردن بەهاوڵاتیان و باشترکردنی باروگوزەرانیان تاوتوێ کرا، خاتوو شاناز رایگەیاند خەمخۆریمان بۆ سلێمانی و خزمەتکردنی خەڵکەکەی لێرە کۆی کردوینەتەوە، دەمانەوێ هەوڵ و هیممەتمان بۆ جوانترکردنی سیمای شار بێ و هەر وەبەرهێنانێک کە لەم شارەدا دەکرێت بەخزمەتی خەڵکەکەی بکەوێتەوە و ببێتە سەرچاوەی بژێوی و مایەی خۆشگوزەرانی زیاتر.
لەتەوەرێکی تردا و لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە، رایگەیاند نابێ لەژێر ناوى وەبەرهێنان و پرۆژەکانى نیشتەجێبووندا رێگەبدرێت مۆرک و تۆپۆگرافی و سیمای شاری شاران بشێوێندرێت.
جەختیشی کردەوە کە دەبێ گرنگی زیاتر بەرووبەری سەوزایی بدرێت و بەهیچ شێوەیەک شوێنی دیاریکراو بۆ سەوزایی نەکرێتە تاوەری بازرگانی و نیشتەجێبوون، هاوکات پڕۆژەکان لەخزمەتی گشتیدابن.
هەر لەکۆبونەوەکەدا، ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاند هەوڵ و پلانەکانمان بۆ خزمەتکردنە و پاڵپشت بەیاسا و رێنماییەکان کارەکان بەڕێوەدەبەین و درێغی ناکەین.
کۆبوونەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەدەبێ دیراسەیەکی ووردتر بکرێت سەبارەت بەپێویستیی سلێمانی بەپرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەکانى دیکەى وەبەرهێنان، جگەلەوە وەبەرهێنەکانیش هان بدرێن کەبەرەو قەزا و ناحیەکان بچن و سەرمایەکانیان لەدەرەوەی شار بخەنەگەڕ.
لەبارەی هەوڵەکانی رێگری لە زیادەڕەویی لەناو بازاڕ و شەقامەکاندا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند دەبێ ڕەچاوی دۆخی ژیان و گوزەرانی کاسبکاران و بارى ئابوورى هاوڵاتیان بکرێت و بیر لە رێگاچارە و رێکخستنێکى سەردەمیانە بکرێتەوە بەتایبەت بۆ ناو بازاڕەکان تەنها بژاردەى غەرامەکردن چارەسەر نەبێت بۆ دۆخەکە.
لەکۆتاییدا هەریەک لە لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و عوسمان عارف لێپرسراوی بەشی زیادەڕەوی شارەوانی، سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەبارەی کۆی تەوەرەکانەوە خستەڕوو.