کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی ناوەندی پێنی کورد: دادگاکانی هەرێم پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکەن

  • July 23, 2023
  • 56 Views
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی ناوەندی پێنی کورد: دادگاکانی هەرێم پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکەن

#وڵات_میدیا#کوردستان

بەپێی راپۆرتی رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا، لە هەرێمی کوردستاندا سنووری ئازادیی رادەربڕین بەرتەسکتر کراوەتەوە و رۆژنامەنوسان زیندانی دەکرێن.

بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نابێت هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت، بەڵام خودی دادگا یاساشکێنیی دەکات و ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکات و سزای زیندانییان بەسەردا دەسەپێنێت.

لە ساڵی ٢٠٢٠-وە، هەڵمەتی دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەستیپێکردووە، سەرەڕای ساغ نەبوونەوەی هیچ یەکێک لەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان، دادگا بڕیاریان لەدژ دەردەکات و سزایان دەدات، پارێزەر و شارەزایانی یاساش ڕایان وایە دادگاکان “لەژێر فشاری حزبییدا” بڕیار دەدەن.

شێروان شێروانی یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەیە، کە لە ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، لەلایەن دادگای هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، دواتر بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سزاکەی بەڕێژەی ٥٠٪ کەمکرایەوە و دەبوو ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣ ئازاد بکرێت، بەڵام ڕۆژی ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، دادگا جارێکی دیکە ئەو ڕۆژنامەنووسەی سزا دا بە زیندانییکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی، کە ئامادەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە بووە ڕایانگەیاند:”لەکاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا هۆڵی دادگا بەسەربازگە کرابوو، لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا، سزایەکی زۆر نادادپەروەرانە بەسەر شێروان شێروانیدا سەپێندرا”.

بەپێی چاودرێریی ڕێکخراوەکە، “سیستمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نییە و حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستوەردان دەکەن لە پرۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووساندا”.

هەروەها، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی، درەنگانی شەوی ٢٠ی تەمموز، ڕۆژنامەنووس’ئومێد بەرۆشکی’، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کراو و ئێوارەی ڕۆژی دواتر ئازاد کرا.

ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە زیندانیانی بادینان و لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ بەهۆی کارە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە زیندانیی کرابوو.

ناوەندی پێنی کورد نیگەرانی خۆی ڕادەگەیەنێت لەبارەی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئەو یاسا شکێنییەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوکات داوا دەکات دەستبەجێ شێروان شێروانی سەرجەم ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی دیکە ئازاد بکرێن و بە پێی یاسای بەرکاری ژمارە ٣٥ی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکرێت.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی

ناوەندی پێنی کورد

٢٣/٧/٢٠٢٣

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو