ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:” بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە، هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە بۆ زیاتر تیشکخستنەسەر ئەو تاوانانەی دەرحەق بە ئێزدییەکان و کورد بە گشتی ئەنجامدراوە”.
وتیشی:” سوپاسی بێپایانمان ئاڕاستەی حکومەت و گەلی بەریتانیا دەکەین لەبەرامبەر ئەم بڕیارە مێژووییەدا و هەوڵەکانیان لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری بەرز دەنرخێنین”.
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:” لەسەر ئاستی کوردستانیش ئەرکی هەموومانە پێکەوە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامدراوە چڕ بکەینەوە و مافی کوردانی ئێزدی بپارێزین”.