ڕووناك عەبدولواحید مستەفا:حەزم بەنازناوی ژنە پێشمەرگەیەكە ئەوەندە حەزم بەنازناوی خانمی یەكەم نییە

ڕووناك عەبدولواحید مستەفا:حەزم بەنازناوی ژنە پێشمەرگەیەكە ئەوەندە حەزم بەنازناوی خانمی یەكەم نییە

ژینۆعەبدولڵا*
خاتوو ڕووناك عەبدولواحید مستەفا، خانمی یەكەمی عیراق،لەیەكەم دیداری ڕۆژنامەگەریدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی  ئەلكترۆنی كوردیی، پڕۆژەو پلانی داهاتووی خستەڕوو.
لە ئێستادا خاتوو رووناك سەرۆكایەتیی (رێكخراوی ژنانی عەرەبیی) دەكات لە خولی حەوتەم (2015-2017) دا كە 16وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت و ئامانجی سەرەكی خزمەتكردن بەژنان وهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیانە لە وڵاتانی عەرەبی وئیسلامییدا .
خاتووڕووناك ئاماژەی كرد بۆئەوەی سەرەتا قورس بوو بۆ ئەندامە عەرەبەكان،كەسێكی كورد ئەم پۆستە وەربگرێت،بەڵام لەكۆبوونەوە دەورییەكانماندا،بەردەوام باسی كێشەكانی ژنانی كورد وعیراقم بۆ دەكردن وئەوتراژیدیا وكاولكاریی نەهامەتیانەم بۆ ڕووندەكردنەوە كەبەسەر ژنانی كورد وعیراقدا هاتوون لە سەردەم وقۆناغەكانی جەور وستەم وچەوسانەوەی رژێم وحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بۆ ئاگاداربوونیان لەو راستییەی  ژنان(دایك، هاوسەر،خوشك وكچ ) لەعێراقدا بەگشتیی وكوردستان بەتایبەتیی چ وەك هەڵسوڕاوی سیاسیی نێو پارت و گروپە سیاسییەكان چ وەك كەسوكاری سەركردە و خەباتگێڕ و پێشمەرگە و بەرهەڵستكارانی سیاسیی یا هەر هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتە بەشێكی بەرچاوی ئەو هەموو مەینەتیی وناسۆر و ئەشكەنجە و ئازارە جەستەیی ودەروونییانەی بەركەوتووە كەدەرەنجامێكی حەتمیی حوكمی ناڕەوای رژێمەكانی ئەم وڵاتە بوون بەتایبەت رژێمی لەناوچوی بەعس لەعێراقدا –ئەو وڵاتەی بەشێكی گەورەی دانیشتوانەكەی لەوەتەی دامەزراوە تا ئەم ساتەوەختە بێ بەش كراون لە رێز وكەرامەتی ئینسان و مافی هاووڵاتیی بوون بەپێی پێوەر و یاسا و رێسا ئاسمانییە خودایی و زەمینییە مرۆییەكان.
دۆسیەی ژنانی كوردو عیراق بۆ تە جێگای  گرنگی پێدان
ئاشكرایە لە دوای كارەساتی شەنگالەوە (ئاب-2014) دۆسییەی ژنانی كورد و عیراقی زیاترچووەوە بەرباس هەروەك خۆی بۆی ڕوونكردینەوە، لەدوای ئەوكارەساتەوە كەبەسەر ئێزیدییەكان بەگشتیی و كچ وژنەكانی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەی كوردداهات،بەردەوام ئەندامانی بۆردی سەرۆكایەتی ڕێكخراوەكە پەیوەندیان پێوەكردووە وهەواڵی ئەو كارەساتەیان لێ پرسیوە”منیش ڕوونكردنەوەی زیاترم دەدانێ.لەپەراوێزی كۆبوونەوە دەورییەكانیشدا كەلە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر گرێدەدرێن،ژنانی سەركردەی وڵاتانی عەرەبیی بەردەوام باسی ژنانی ئێزیدیی وشاڵاوی تاوانكاریی وجینۆسایدكردنیان بەدەست سوپای رەشی داعش لێ دەپرسیم.لە بەرنامەشدایە هاوكاریی مەعنەویی وماددیی ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش بكەین بە تایبەت لەڕووی دەروونییەوە”.
حەزم بەنازناوی ژنە پێشمەرگەیە
خاتوو ڕووناك ڕەووف كە هاوسەرەكەی ساڵانێكی زۆر لەخەبات وتێكۆشاندابووە بۆبەگژداچوونەوەی رژێمی دیكتاتۆری بەعس وسەدام حسەینی سەرۆكی لەسێدارەدراوی ئەو رژێمە، دووەم ژنە لە عێراقدا كەهاوسەرەكەی كوردبێت وبووبێتە سەرۆك كۆماری عێراق،لەپاش خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانی هەڤاڵ مام جەلال رابەری بزوتنەوەی رزگارییخوازی كورد ویەكەم سەرۆك كۆماری كورد لەمێژووی  عێراقدا.
ئەوەندەی زانراوە بەپێی پرۆتۆكۆل لەوڵاتێكدا كەسیستمێكی كۆماریی هەبێت خێزانی سەرۆكی وڵات بە خانمی یەكەم ناودەبرێت لەكۆڕ وكۆبوونەوە وگەشت ودیدارە رەسمییەكاندا.هەرچەندە لە زۆر وڵاتدا بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو نازناوە جێی خۆشیی وشانازییەكی گەورەیە بۆخانمی خاوەنی،بەڵام لەلای هەریەك لە خاتوو هێرۆ لەوادەی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال وئێستاش خاتوو رووناك لە وادەی سەرۆكایەتیی هاوسەرەكەیدا، (خانمی یەكەمی غێراق) نازناوێكی ویستراو نەبووە/نییە.لێرەدا دەكرێت ئاماژە بكەین بۆ ئەو راستییەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم (ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك)كەساڵانێكی دوورودرێژە بە”دادە هێرۆ یا هێرۆخان”بانگ دەكرێت،پێی خۆش نەبووە بە خانمی یەكەم ناوی بهێنرێت تەنانەت لە نێو ئەو كەناڵ ودەستگای راگەیاندنانەشدا كە خۆی یایەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرپەرشتیار وخاوەنیانن.لەسەر هەمان ئەو روانینەش،خاتوو رووناك كەجەنابی د.فوئاد مەعسومی هاوسەری لە سەركردە سیاسیی ودامەزرێنەر وپێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە،پێی وتین”ئەوەندەی حەزم بەنازناوی ژنە پێشمەرگەیەكە ئەوەندە حەزم بەنازناوی خانمی یەكەم نییە،هەرچەندە بەگوێرەی پڕۆتۆكۆل دەبێت ئەو نازناوەم هەبێت بەڵام بەندە بەردەوام هاوكار و پشتیوانی هاوسەرەكەم بووم كە لەشاخ بوو. ئەویش بەردەوام پێی وتووم من لە شاخم ودژی دڕندەترین ڕژێمی دیكتاتوریی دەجەنگین، تۆ تەنیا ئاگات لە پەروەردەكردنی منداڵەكان بێت تا خوێندنیان پێ تەواو دەكەیت وئەگەر من شەهیدیش بم  هەقی منت نەبێت”.
چالاكیی خێرخوازیی
ئێمەش هەم لەسەر پرۆتۆكۆل وهەم بەحەزی خۆیشی ناوی دەهێنین ودەڵێین خاتوو رووناك خانمی یەكەمی عیراق و ژنە پێشمەرگە لەپاڵ راییكردنی كاروباری ژیانی ئاسایی وەك خێزانی سەرۆك كۆمار،وەك ژنێكی نەرم ونیان حەزی بە چاكەكاریی وخێرخوازییە.لەم روەوە ئەو ژنە پێشمەرگەیە دەڵێت”من بە سروشتی خۆم حەزم لەكاری خۆبەخشیی ودەستگیرۆیی كردنی منداڵانی نازدار(بێ باوك) وبێ سەرپەرشت وبێوەژنان وهاوكاریكردنی خانەكانی منداڵانی بێ سەرپەرشتە”.
بەوتەی رووناك خان ئێستا وەك هەنگاوی یەكەم لەشاری بەغداوە دەستیان كردووە بە چالاكیی خێرخوازیی و دواتر فراوانی دەكەن بۆسەرجەم شارەكانی عیراق و بێگومان هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتییدان ودەستگیرۆیی منداڵانی بێ باوك و بێوەژنان.هەروەها یارمەتیدانی خانەكانی منداڵانی بێ سەرپەرشت ونەوجوانان و پێی وتین”وەك خۆتان دەزانن ئامارەكانی منداڵانی بێ باوك وئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان نەماون لە بەغداو شارەكانی ناوەڕاست وباشور زۆر مەترسیدارن وعیراق لە ڕیزی یەكەمی ئەو وڵاتانەدایە كەزۆرترین ژمارەی منداڵی بێ باوك و بێوەژنیان هەیە”.ئەمەش بۆ خۆی زەنگێكی هۆشدارییە بۆ كاربەدەستانی وڵات وئاماژەكیشە بۆئەوەی خانەوادەی سەرۆكایەتیی (سەرۆك كۆماری عێراق وخێزانەكەی (خانمی یەكەم)وفەرزەندەكانیان) لەهەر گەل ونەتەوەیەك بن -كە خۆشبەختانە ئەم جارەش هەر كوردن وئێمە بەجیا لەدیدارییاندابووین- لەبەردەم ئەرك ولێپرسراوێتییدان نەك هەر لەبواری خۆپاراستن ودوورەپەرێزیی لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی بەڵكو بۆ نیشاندانی جوامێریی ومۆدێلێكی جوانی پەرۆشیی وبەشداریی بۆ سڕینەوە یاهەر هیچ نەبێت كەمكردنەوەی كاریگەریی ئاسەواری تاوان وكاولكارییەكانی ئێستا ورابردوو بەتایبەت كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە 2003 دا ڕۆژبەڕۆژ ئامارەكان روو لەهەڵكشان ومەترسیی زیاترن.
برەودان بەكلتوری خۆبەخشیی
لەم چوارچێوەیەدا بەختەوەربووین بە زانینی بەرنامە و پلانی داهاتووی خاتوو ڕووناك كەپێی وتین “هەوڵدەدەم بە گوێرەی توانا زیاتر برەوبدەم بەكلتوری خۆبەخشیی وهاوكاریی لەلایەن هاووڵاتیانەوە.بەم نزیكانەش هەڵمەتەكانم لەشارەكانی هەرێمی كوردستان چڕدەكەینەوە بۆ یارمەتییدانی نەخۆشخانەكانی هیواونانەكەلیی لەهەولێروخانەكانی بەخێوكردنی منداڵانی بێ سەرپەرشت ولەنزیكەوە بەئاگابوون لەكێشەوگرفتەكانیان بەتایبەت لەم قۆناغی قەیرانی داراییەدا”.
كوردبوونی خاتوو ڕووناك وهاوسەرە سەرۆكەكەی لەعێراقدا كەزۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن ووڵاتەكەیش لە دامەزرێنەرانی جامعەی عەرەبییە بۆ كۆكردنەوەی 22 وڵات كە هەموویان بەعەرەب دادەنرێن،دیاردەیەكی كەم وێنەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی تری عەرەب كەهەندێكیان هاوشێوەی عێراق خاوەن دانیشتوانی فرەنەژاد وئایین ومەزهەب وزمانن بەڵام بەهۆی نەبوونی دیموكراسیی راستەقینە یا گۆڕانكاریی ریشەیی هاوشێوەی گۆڕینی رژێم لەعێراق بۆ پەیدابوونی وەكیەكیی ودەرفەتی یەكسان لەبەردەم هەموو پێكهاتەكان ورێگرتن لەزاڵبوونی نەتەوەی عەرەب لەهەموو ئەو وڵاتانەدا،تائێستا لەدەرەوەی عێراق سەرۆك وخانمی یەكەمی غەیرە عەرەب وناموسوڵمان لەهیچ وڵاتێكی تری عەرەبییدا(جگە لە لوبنان كە سەرۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحییە)نەبینراوە.هاوكات زۆر بەكەمیش خێزانی سەرۆكەكان هەروەها پادشاكان لەوڵاتانی شانشینییدا جگە لەئەردەن-ناسراون،ئەوە هەر باسی دەركەوتنیان لەمیدیاكاندا مەكە بەهۆی سەپاندن وپەیڕەوكردنی دابونەریتی خێڵەكیی عەرەبیی وابەستە بەپیاوسالاریی ودوورەپەرێزكردنی ژنان لەكایەكانی سیاسەت وحوكمڕانیی ودەوڵەتدارییەوە.
لێرەوە دەكرێت بوترێت جیاوازیی ئەزموونی عێراقی دوای بەعس بەدیارییكراویش ناسراویی خانەوادەی سەرۆكایەتیی كۆمار ودەركەوتنی خانمی یەكەم لەبوارەكانی ژیانی گشتییدا هەنگاوێكی گرنگە ودەكرێت زیاتر بایەخی پێ بدێت بەتایبەت لەم هەلومەرجە سەخت ودژوارەی ئێستای عێراقدا كەزۆر پێویستی بە بڕیارورەفتار وگوفتاری ئاشتیی ونزیككردنەوە و نەهێشتنی دووبەرەكیی هەیە لەنێوان پێكهاتەكانییدا.
ستایشی هەرێمی كوردستان لە لایەن وڵاتانی عەرەبیەوە
لەم روانگەیەوە خانمی یەكەمی عێراق ئاماژەی كرد بۆ ئەوەی داڵدەدانی هەرێمی كوردستان بۆئاوارەكانی شارەكانی عیراق لەسەر ئاستی دەرەوەش لەلایەن وڵاتانی عەرەبەوە زۆر جێی ستایش وپێزانینە. ئەوەشی وت كە “بەردەوام كۆمەك دەگەیەنینە ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكانی سلێمانی و هەولێرودهۆكن”.

ژیانی تایبەتی
خاتوو روناك لەباسی ژیانی تایبەتییدا پێی وتین (عەبدولواحید مستەفا) كۆچكردووی (رەحمەتیی)ی باوكی یەكێك بووە لەئەفسەرانی سەردەمی پادشایەتیی وكەسێكی ناسراوو وناوداربووەولەبنەماڵەیەكی كورد پەرەوەوڕۆشنبیر لەدایك بووە.ماڵەكەیان لانكی بەیەكگەیشتنی كوردپەروەران وڕۆشنبیران بووە.خاوەنی حەوت براو سێ خوشكەوبەهۆی پۆستە سەربازییەكانی باوكییەوە لە شاری دیوانیە خانەی باڵای مامۆستایانی تەواو كردووەو بووە بە مامۆستا.ساڵی 1968 چووەتە ژیانی هاوسەرییەوە لەگەڵ د.فوئاد مەعسوم وخاوەنی پێنچ كچ و نەوجەوانێك بوون كە لەتەمەنی 15 ساڵییدا كۆچی دوایی كردووە.
سەروەرییەكی گەورە
ئەوەی بۆ ئەم ژن ودایكە تێكۆشەرەی جاران وخانمی یەكەمەی ئێستا لەژیاندا وەك سەروەرییەكی گەورە تۆماركراوە، ناودەركردنی بووە وەك دایكێكی نموونەیی لەوساڵانەداكە دكتۆر فوئاد مەعسووم وەك پێشمەرگەیەك لەشاخ بووە وئەركی قورس وگرانی پەرەوردەكردنی منداڵەكانی رایی كردووە وهەر پێنچ كچە خاوەن ناوە كوردییە رەسەنەكانی (شیرین.جوان،زۆزان ،ڤیان وشیلان) بڕوانامەی باڵا(ماستەر ودكتۆرا)یان لە چەندین رشتە و بواری گرنگدا بەدەستهێناوە بەم شێوەیە: د.شیرین (فەلسەفەی مێژوو)،د.جوان (تەكنەلۆژیانی زانیاریی)، د.ڤیان (دەرمانسازیی) ،خاتوو زۆزان (ماستەر لەئەدەبی ئینگلیزیی).هەرچی خاتوو شیلانە ئێستا هونەرمەندێكی دەستڕەنگینە.ئەوەش زانراوە كە خاتوونی دكتۆرجوان فوئاد مەعسووم ماوەیەك وەزیری پەیوەندیی و تەكنەلۆژیا بووە لە حكومەتی عێراقدا.
ئەم خانمە بەهۆی بەردەوامبوونی هاوسەرەكەی لەخەبات وەك یەكێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازی گەلەكەمان،ساڵانێكی زۆر لە ئاوارەیی ودەربەدەرییدا ژیاوە وچەرمەسەریی وناخۆشیی ودوورە وڵاتیی و دابڕان لەخزم وكەسوكاری بینیوە.بەڵام هەرگیز بەهۆی سەختیی رۆژگارەوە كۆڵی نەداوە ونەیهێشتووە منداڵەكانی دوریی و دابڕان لەباوكیان پێوەدیاربێت وبەوشێوە جوانە پەروەردەی كردوون.ئا لەبەر ئەمەشە وەك خۆی پێی وتین سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر فوئاد مەعسوم بەردەوام پێی دەڵێت من قەرزاری تۆم لە پەروەردەكردنی منداڵەكاندا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو