ئەرسەلان مەحمود
درەخت و گوڵەکانی حەوشەی ماڵەکەت بەخۆیانەوە خەریکیان کردویت، یا پیاسەیەک بەکوچەو کۆڵان و شەقامەکانی شاردا حەیرانی کردویت، یا دەتەوێ دوور لەژاوەژاوی شارو قەرەباڵغییەکان بەبناری خەیاڵەوە هەوایەکی پاک هەڵمژی، بێئاگا لەوەی هەموو جموجۆڵ و تایبەتمەندییەکانت لەئاسمانەوە چاودێری دەکرێ و کۆنتڕۆڵکراون، تەنها لەماوەی چەند چرکەیەکدا تەقینەوەیەک ڕوئەدات، لەولاتەوە کەسێک یان چەند کەسێک دەکوژرێت، ڕەنگە من و تۆو ئەم و ئەوو ئەوانی تری دەوروروبەریش بریندار یان لانیکەم دوچاری ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ بکات، ئەمە کردەی تیرۆرستییە بێگومان بەنوێترین چەکی تیرۆر کردن بەدەست دەوڵەتێکەوە تیرۆریست.
لەتوانای درۆنەکاندا هەیە هەر شوێنێک و شتێک بکەنە ئامانج، مرۆڤەکان، ڕێگەکان، ڕەزو باغ و کێڵگەکان، گوندەکان، درۆنەکان هەڕەمەکی بەناو هەوادا دەفڕن، هەموو ئەو شتانە تۆمار دەکەن مەبەستیانە، هەر شوێنێک و شتێک بەماف و بەموڵک و ناوەندی شەڕگەی خۆیان دەزانن، ئەمە تێپەڕاندنی سنورە یاساغە مرۆیی و دەولیە بڕیار لێدراوەکانە، ئەمە بەزاندنی تایبەتمەندییە کەسی و سیادییەکانە، ئەمە بەهەموو ناوەرۆک و ڕەگەزەکانی تیرۆرەوە، تیرۆرە بەڵام لەفۆڕمێکی پەرەپێدراوی ڕێکخراوی دەوڵەتیدا.
شەڕگەکان، شێوەو شوێن و ژینگەی دیاریکراوی فەرمی و نافەرمی تایبەت بەخۆیان هەیە، ڕێگەو بان و گوندو چیاو چۆڵەوانیە سروشتییەکان، شارو شەقام و هەوارگەو سەیرانگەکان، نەک وەک مۆڕاڵی مرۆیی، بەپێوەری هەموو ئاینەکان، بەڕێختەری یاسا دەولیە بڕیارلێدراوەکان، خراونەتە یان کەوتوونەتە دەرەوەی ناوەندەکانی شەڕو شەڕگەکانەوە، مەیدانی جەنگ و تەراتێنی درۆنەکان نین، ئەمە تیرۆرە، تیرۆری تایبەتمەندییەکان، تیرۆری شوناس و شارستانیەت و سەروەرییەکان، تیرۆری تەواوی بچوک و گەورەو بەها باڵا مرۆییەکان.
داعش، وەحشیانەو بەئاشکرا لەواقیعدا خەڵکی کۆمەڵکوژ دەکرد، تورکیا ترسنۆکانەو لەئاسمانەوە، غافڵگیرانە، لەدەرەوەی واقیعەوە، خەڵکی کۆمەڵکوژو تیرۆر دەکات، تیرۆر هەر تیرۆرو تیرۆریست هەر تیرۆریستە، بەڵام گەورەترین هەڕەشەو مەترسییەکانی تیرۆر، ئەو تیرۆرو نیزامە تیرۆریستیە نیە دیارەو لەواقیعدا تیرۆر دەکات، ئەو تیرۆرو نیزامە تیرۆریستیەن لەنادیارو بێسنورەوە تیرۆر دەکەن، زۆر شت هەن لەداعش مەترسیدار ترن، بەڵام تەنها شتێک مەترسیدارتر لەدەوڵەتی تورکیا ئەگەر هەبێت، ئەوا ئەوانەن درەو درۆی درۆنەکان سپی دەکەنەوەو چاوساغییان بۆ دەکەن.
کورد، شەڕی مان و نەمان و سەلامەتی ژیانیەتی لەسەر خاک و ماڵ و موڵکی خۆی، تورکیا لەسەر حسابی کورد شەڕی هەیمەنەو هەژموونی ناوچەیی، ئەوەی خەلافەتی عوسمانی ڕوخاند کوردەکان نەبوون، شێخ عوبەیدولاو شێخ سەعیدو تەواوی سەرکردەو بزوتنەوە سیاسیەکەی تا دەیانساڵەی ڕابردوی کوردان، پەکەکە نەبوون، کەچی تورکیا لەوەتەی هەیەو هەرجارەی بەبیانوێک، بەڕۆژی ڕوناک، بەبەرچاوی دونیاو نیزامە بێنەزمە مرۆییەکەیەوە کورد لەسەر زێدی خۆی دەکوژێت، ئەمە تیرۆرە، تیرۆری شوناس و ناسنامەو هەبوونی نەتەوەیەک.
درۆنەکانی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیا، بەهۆی ئەوەی پەیامی ئاینی هەرچی ئاینەکان و یاسا دەولیەکان و سەروەری خاک و تایبەتمەندی مرۆیی کوردی هەیە خستویانەتە ژێرپاوە، شەرمەزارییەکی چەندە گەورەن بەناوچاوانی ئەردۆو پارت و وڵاتەکەیەوە، هەزار هێندەش پەڵەی نەنگی و شەرمەزارین بەتەوێڵی دەوڵەتی عیراق و کۆمەڵگەی دەولی و ئەو پارتە پەتیارو سیاسیە ڕستکراوە کوردانەیشەوە وەک خۆیان حکومەتی هەرێم’ـیشیان کپو کزۆڵەو بێدەنگ کردوە لەبەرامبەردا، ئەرکی ئازادیخوازو سەرجەم ئەو دەوڵەت و دامەزراوە هێزمەندە دەولیانەیە بواری ئەوە نەدەن ئەم بێدەنگییە ببێت بەنەرێت، بەر بەم تیرۆرو تاوانکارییەی دەوڵەتی تورکیا نەگیرێت درەنگ و زوو، ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر دەگاتە شکۆو بەرژەوەندییەکانی هەمووان.