شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی وەعدەکەی نەبردە سەر کە شوێنی گۆڕی شەھید عەلی عەسکەریان پێبڵێت، دوای ئەوەی لەلایەن پارتییەوە (قیادەی مۆقەد)وە شەهیدکرا.
شاڵاو عەلی عەسکەری بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، “پارتی بەرنامەیەکی تێکدانی هەیە، ئەمە رای خۆمە نەک یەکێتی و هیوادارم راست نەبم، هەست دەکەم پارتی بەرنامەیەکی هەیە کە دەیەوێت کوردستان جیابکاتەوە، ئەوە ئێمە نین کە دەمانەوێت جیای بکەینەوە، ئەوانن دەیانەوێت جیای بکەنەوە، هەمو ئاڕاستەکان هەوڵی نەهێشتنی دەسەڵاتی حزبەکانی دیکە دەدەن کە لەناو حکومەتدان، وەکو ئەو هەوڵانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەیکەن و ئەو فشارەی لە کۆمەڵ و یەکگرتو دەیکەن هەروەها لە گۆڕانی دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی هەڵەیە لە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکە و ئەوە مێژووە و نوسراوەتەوە، لە ساڵی 1964 ئەوان لەگەڵ عەبدولسەرلام عارف رێکەوتن و بە جەیش و جاش و چەکی ئەوان باڵی مەکتەبی سیاسیان لە ماوەت دەرکرد و رۆیشتنە ئێران، “لە ساڵی 1966 ئەوان لەگەڵ حکومەتی عەبدولڕەحمان عارف رێککەوتن و دو وەزیریشیان هەبو، لە 1968 راستە باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ بەعس رێککەوتبو، بەڵام ئەوانیش رێککەوتبون، موحسین دزەیی وەزیری ئەوان بو، ئەو وەزیرەی دابویان بە باڵی مەکتەبی سیاسی بەبێ وەزارەتیش بو”.