ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە و لەوبارەیەوە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە و لەوبارەیەوە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی دەربارەی کۆی کێشە سیاسییەکان بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغدا لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بەهەمووشێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە. هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان کرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین.
کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەکرا و وەک ئیستحقاقی حزبی، دیموکراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٣ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.