وڵات_میدیا #کوردستان
کۆنگرەی جۆشدانەوەی یەکێتییبوون
یەکێک لەوێستگە گرینگەکان لەژیانی حزبیدا (حزبە دیموکراسیخوازو ئازادیخوازەکان) کۆنگرەیە، بڕیارەکەی (ی.ن.ک) سەبارەت بەئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی لەنزیک بەکات و ساتی وادەی خۆیدا، زادەی ئەم تێگەیەو جێبەجێکردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی چوارو پێداگریشە لەسەر بنەماو پرەنسیپە دیموکراسییەکان، لەگەڵیدا هەنگاوێکی نوێ و ناوازەو بیانوو بڕیشە نەک هەر لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆیدا، بگرە لەژیانی حزبە هاونیشتمانی و ناوچەییەکەیشدا.
مەسەلەی دۆخەکە هەستیارەو زەمان و زەمینەکە گونجاو نیە، لەیەکێتییدا بوون بەڕابردوو، حزبی ڕاستەقینەو زیندوش ئەو حزب و دامەزراوە سیاسییە بەبڕشتەیە لەهەردۆخ و زەمان و زەمینەیەکدا توانای بڕیاردان و هەڵکردنی هەیە، یەکێتیی ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، حزبی دلێرو بوێری قۆناغ و سەردەمی خۆیەتی و هیچ هێزو دۆخێک نیە بتوانێ گەمارۆیبداو بیوەستێنێت، بڕیارەکە دروست گوزارشتکردنە لەو ڕاستی و زیندوێتی و ئیرادەو هێزە تازەیەی هەیەتی و سەفینی ئەو هێزمەندییەیشی پشتبەستوو بەئایدیاکانی فەخامەتی سەرۆک (مام جەلال) لەیەکتیمی و یەکڕیزییە ئۆرگانی و مرۆییە مەزنەکەییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کاری کۆنگرە لەژیانی حزبیدا، خوڵقاندنی پەرجۆ یا دروستکردن و دۆزینەوەی کەوکەبێک نیە نوێ، پردی پەڕینەوەی حزبە لەقۆناغێک بۆ قۆناغێکی ترو دیاریکردنی هێڵی نوێیە، دیزاینکردنەوەی فۆرم و نوێکردنەوەی سەرکردایەتی و ئۆرگانی و جۆشدانەوەی ڕیزەکانێتیی لەڕێگەی هەڵێنجانی دیدگەی نوێ و هاوچەرخەوە، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی وەک لەڕاگەیەندراوی دوا کۆبونەوەی مەکتەب سیاسییەکەیدا هاتووە، کۆنگرەی جۆشدانەوەی گیانی یەکێتییبوونەو خۆی لەدیزاینکردنەوەو داڕشتنەوەی وڵامدانەوەو وڵامدەرەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانی قۆناغەکەدا دەبینێتەوەو کۆنگرەی ڕەوێنەرەوەی نائومێدییە جڤاکییەکان و ڕواندنەوەندی ئومێدە سەوزەکانی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک دەبێت.
یەکێتیی ئەمڕۆ، بەسەرکردایەتی سەرۆک (بافڵ جەلال تاڵەبانی)، یەکبوونە لەگوتارو ئەداو بڕیاردا، یەکێتیبوونی سەرمایە ماددی و مەعنەوی و مرۆییەکەیەتی لەیەکێتییدا، دەنگێکە دلێر لەگۆڕەپانی سیاسی و دیبلۆماسییەتی ڕوون و ڕاشکاوانەی نیشمانیی دا، یەکێتیی ئەمڕۆ هێزێکە تەواو واقیع بین و بگۆڕ، مشتێکە پۆڵاین لەبەرامبەر دژو دوژمنانی کوردستان و نەیاردا، ئەوەی مابێت لەپاشماوەی بێمانایی، لەکۆنگرەی پێنجدا بەبێ ئاوڕدانەوەو گەڕانەوە بەرەو دواوە، بەمانای دەکاتەوە لەخۆی و بەدەرەوەی خۆیداو منەمنکاری لەگۆڕدەنێ و یەکێتییبوون لەهزرو ئەندێشەدا دەکات بە جێگرەوەو سیاسەتی ڕۆژو ستراتیژی خۆی ڕوون و ڕوانتر لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دادەڕێژێتەوە.
ئەوەی نەیتوانی لەواقیع تێبگاو ڕاستی ببیستێ، ناتوانێ بەرگەی تێکشکانی وەهەمەکانیشی بگرێت!
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED