مەلا ئەحمەد فاتیح کەرکوکی:لەپێناو پەرتەوازە نەبوونی دەنگی کورد خۆم کاندید کردووە لەکەرکوک

مەلا ئەحمەد فاتیح کەرکوکی:لەپێناو پەرتەوازە نەبوونی دەنگی کورد خۆم کاندید کردووە لەکەرکوک

وڵات_میدیا #کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی و کەرکوکییە ئازیزەکان!
بەناوی خوای پەروەردگار

سوپاس بۆ خوا هەر هەنگاوێکم نابێت لەژیانمدا هەرگیز لێی پەشیمان نەبوومەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەپاش بیرکردنەوەو ڕاوێژکردنێکی زۆر گەیشتووم بەقەناعەتی بڕیاردان.

سەرەتا بەهیچ شێوازێک حەزم نەکردووە ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەمەوە بەڵام ئاست نزمی کۆمێنتی ئەو کەسانەی خۆیان بە مسوڵمانی عەیار ۲٤ دەزانن و تانەو تەشهیری کەسانێکی دیکەو بۆ بەرچاو ڕوونی خۆشەویستانمان ناچاریان کردم ڕاستیەکان بۆ رای گشتیی بخەمەڕوو.

سەرەتا.. دەمەوێ تکایەک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم ئێوە پێویستە لەو راستییە تێبگەن کە ژیانکردن و سیاسەتکردن لە کەرکوک جیاوازتر بووە لە هەموو شار و شوێنەکانی دیکەی هەرێم، ئێوە کەمتر ئاگادارن لە باروودۆخی کەرکوک و لە وردەکاریی و رووداوەکانی دیوی پشتەوە ئاگادار نیین کە چی ڕوو دەدات، بۆیە حەق نییە بڕیاری سەربەخۆ بدەن، و بەرەی کوفر و ئیمانمان لێ بکەنەوە چونکە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگا مسوڵمان و کاکەیی و مەسیحی و کورد و عەرەب و تروکمان هەمان کورسی و یاسا و پڕۆژەو کارو خزمەتە، هەرکەسێک پڕۆژەی پێبێت و نیەتی خزمەتکردن بێت و بیەوێت جێ دەستی دیار بێت تەماشای حیزب و نەتەوەو زمان و ئاین و کلتورەکەی ناکرێت، ئاخر مەعقول نیە لەوپەڕی هەرێمەوە پەیوەندی دەکەیت دەڵێی بەداخەوە بۆ تۆ مامۆستا! گوتم چەند جار کەرکوکت بینیوە؟ گوتی لەژیانما نەمبینیوەو حەزیش بەبینینی ناکەم، دەی دیارە شینی هەریسەکەیە نەوەک حوسەین، چونکە لە لەدوورەوە کوێرانە بڕیار نادرێت لە کاتێکدا هیچ بەدیلێکی دیکەشت نەبێت.

یەکەم: ڕایدەگەیەنم کە بە هیچ شێوەیەک پێشتر کاندیدی هیچ لیست و لایەنێک نەبوومە تا کشابێتمەوە و ئێستا چوبێتمە نێو لیستێکی دیکەوە!

دووەم: بەداخەوە کەسانێک خەریکی چەواشەکارین و نان و پیاز بەم بابەتەوە دەخۆن، ئەوەی هەبووە بەشێک لەحزبەکان لای ئەندام و لایەنگرەکانیان وایان بڵاو کردەوە کە بەندە کاندیدی ئەوان بم، هەندێ لایەن ویستیان بمخەنە نێو ئەمری واقیعەوەو جەنگی ڕاگەیاندن و دەروونیان لەگەڵدا دەکردم تا تەسلیم ببم و بڵێم دەی ئاساییە مادەم وایان بڵاوکردووتەوە با منیش لێیان بچمە پێشەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەرگیز ناکەومە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی سۆشیاڵ میدیا، ئەسڵەن لەپۆستێکدا چەند مانگێک پێش ئێستا پەیامێکم نارد بۆ یەکێک لە لایەنە کوردیەکان لێرەشەوە بڵاوم کردەوە؛ وتم ئێوە داواتان لەمن کردووە خۆم لەلیستەکەتان کاندید بکەم کەچی چەند ئەندامێکی ئێوە بەناڕەوا هێرش دەکەنە سەرم بۆیە داوا دەکەم بیانوەستێنن و چی دیکە لەسەرەوە داوام لێنەکەن خۆم کاندید بکەم و لەژێریشەوە دژایەتیم بکەن.

ئەمما بەنسبەت حزبە ئیسلامیەکانەوە من پێشتر بەئاشکرا پێم وتوون کە ئێوە چەندین ساڵە لەم شارەدان نەتانتوانیوە دەنگی سیاسی خۆتان هەبێت و دەنگەکانتان بگات بەکورسی، ئێستاش بەم یاسای هەڵبژاردنەوە دڵنیابن دەنگەکانتان دەسووتێ و پێشنیارم بۆ ئێوە چەند خاڵێکە:

یەکەم: بەتەنها بەشداری هەڵبژاردنەکان مەکەن و لەگەڵ حزبێکی گەورەی خاوەن پێگەی جەماوەری لەکەرکوک هاوپەیمانێتی ببەستن، بۆ ئەوەی دەنگەکانتان نەفەوتێ و دەنگی کوردیش پەرتەوازە نەبێت، بەداخەوە بەقسەیان نەکردم.

دووەم: من ئازادم لەهەر لیست و هاوپەیمانیەتیەک خۆم کاندید بکەم بەو مەرجەی بزانم دەنگی کورد پەرتەوازە نابێت و ناسووتێ، و دەتوانم خزمەتێک بەشارەکەم بگەیەنم، هیچ کەسایەتی و لایەنێکیش ناتوانێت بەزۆر وام لێ بکات بچمە نێو لیستێکەوە یان لە لیستێک بکشێمەوە ( بۆیە ئەم قسەیەم کرد چونکە بەشێک لەو مەلایانەی حزبە ئیسلامیەکان ڕیشی خۆیانیان دابووە دەستیانەوە، پڕ لەسینەیان کینەبوو بەرامبەر بەمن مامۆستایەکیان ناردە ماڵەوە بۆلام داوایان کرد کاتێک ئیسلامیەکان داوایان لێ کردم خۆم کاندید بکەم من وەڵامم نەخێر بێت و خۆم کاندید نەکەم، نەوەک هەرئەوەندە بەڵکوو داوایان دەکرد لەسەر هیچ لیستێکی دیکەش خۆم کاندید نەکەم! بۆچی؟ بڕواتان بێت تا ئێستاش وەڵامەکەی نازانم)

سێیەم: تکایە تێبگەن شەڕی ئێمە لە کەرکوک جەنگی بەدر و ئوحود نیە، بەڵکوو جەنگی نەتەوەو شوناس و ناسنامەیە و یەکێک لەئێوە لەگەڵ مەسیحیەک و کاکەییەک و ئێزدیەک لەسەر هەمان کورسی دادەنیشن و هەمووتان بەیەکسانی نوێنەری خەڵکن و پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانتان ئەنجام بدەن.

چوارەم: نەیارەکانمان زۆرن بەڵام بۆگیانی میللەتی ئێمە یەکن و بەیەک چاو تەماشای ئێمە دەکەن بەهەموو جیاوازیەکانمانەوە، بۆیە ئێوەش بەناوی دینەوە خۆتان لە دۆزی ڕەوای کورد جیا مەکەنەوەو ئەندامان و لایەنگرەکانتان بەڕق وکینە گۆش مەکەن.

پرسیاری سەرەکی بۆچی خۆم کاندید کرد؟

ئەحمەد مۆنتێر, [8/22/2023 10:35 AM]
یەکەم: بۆ ئەوەی ببمە داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کەرکوک و بەکردار وەڵامی چەواشەکاری و هێرش داگیرکارییەکانی شۆڤێنیەکان بدەمەوە و بیسەلمێنم کە چۆن مامۆستایەکی ئاینی دەتوانێت ببێتە چقڵی چاوی ئەوکەسانەی دەست بۆ ماف و خواست و شوناس و بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکەی دەبات؟!

دووەم: کاتێک من لەسەر کەیسی داگیرکردنی زەویەکانی کوردانی خوارووی کەرکوک چەند وتارێکی هەینی دەربارەی پرسە نیشتیمانیەکان لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتی ئێستای کەرکوک دادگایی کرام و دوو جار هەڕەشەی کوشتنم لێکرا، حزبە ئیسلامیەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە ئێستا لە دوورەوە کۆمێنتی نەشیاو دەنووسن لە گوێی گادا نووستبوون، بۆ مێژوو دەیڵێم تەنها (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) هاتە سەرخەت و جوامێرانە پشتگیریان لێکردم.

لێرەوە جەخت دەکەمەوە کە من لەوێ دەبمە قەڵایەک بۆ بەرگریکردن لەمافە ڕەواکانی میللەتەکەم لە کەرکوک، و هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمەگەڕ تا شۆڤێنی و نەیارەکانی کورد ڕابگرم، و چی دیکە نەتەوەکەم پەراوێز نەخرێت.

سێیەم: بۆ ئەوەی هەر لەسەر مینبەرەوە کێشەی گەڕەکە کوردیەکان تەنها بە قسە نەخەمەڕوو بەڵکو بتوانم بەکردار پڕۆژەی پێویست لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکەم و بچێتە بواری جێبەجێکردن و ببمە چاودێرێک بەسەر پڕۆژەکانەوە.

چوارەم: لە ساڵی ۲۰۰٥ وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک بەڕێوە نەچووەنە، لەوماوەیەشدا کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر خەڵکی شارەکەدا ڕوویداوەو بەپیلان دیمۆگرافیای شارەکە دەگۆڕدرێ، و گەڕەکە کوردنشینەکان پشتگوێخراون بۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر بەگرنگ دەزانم لەسەر پێگەی کوردو پێم وایە دەتوانم خزمەتێکی بەرچاوی خەڵکەکەی خۆم بکەم.

پێنجەم: ئەنجومەنی پارێزگا وەکوو پەرلەمان ئیمتیازاتی نیە تا تانەی تەماحی پارەو ئیمتیازاتمان لێ بدرێ جگە لەوەش من وەزیفەی خۆم و شوێنو جێگەو ڕێگەو پێگەی خۆمم هەیە، بەڵام دەمەوێ بەکردار بیسەلمێنم کە لەڕووی سیاسیشەوە مامۆستایانی ئاینی و مامۆستای زانکۆ دەستێکی باڵایان هەیەو پێویستە جێ دەستیان دیار بێت.

شەشەم:جگە لەوەی بەپڕۆژەوە دەچمە نێو ئەنجومەنی پارێزگا هیچ ئامانجێکی دیکەم نیەو ئەم هەڵبژاردنە بۆ من گرنگیەکەی لەوەدایە کە لەناو خەڵکی خۆمدام و دەتوانم خزمەتێک بگەێنم و خۆمیان لێ نەشارمەوە.

حەوتەم: بۆ ئەوەی دەستی نەیار ماچ نەکەم بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری گەڕەک و شارەکەم بەڵکو بێ لەدەرگەدان بچمە ژوورەوە و خۆمان پڕۆژەکان جێبەجێبکەین.

هەشتەم: لەبەر ئەوەی ناڕەحەتی بێ کارەبایی و بێ ئاویم بینیوە کە خەڵکی چیان بەسەرهاتووە، بۆیە دەمەوێ لە ئەنجومەنی پارێزگا دەرگایەکی خێر بکەمەوە بۆ نەتەوەکەم و خەڵکی گەڕەک وشارەکەم.

نۆیەم: تا بیسەلمێنم مەلا ئەحمەد بەمەلایەتی خۆی دەمێنێتەوەو هەمیشە شانازی پێوەدەکات و هەمان کاری بانگخوازیەکەی خۆی بەردەوامی پێدەدات و وەکوو چۆن لەمینبەرەکەی پەیامبەری خواوە دروودی خوای لەسەر بەرگری لەدین و ژینی خەڵکی دەکرد بەهەمان شێوەو بەکردار سەنگەری ئەنجومەنی پارێزگا لەنەیارەکانی میلەتەکەی خۆی بکرێت.

لەکۆتاییدا..
بڕیارم دا لەنێو هاوپەیمانێتی (کەرکوک هێزو ئیرادەمانە)و لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خۆم کاندید بکەم بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، چونکە پێم وایە لەو لیستەدا سەرجەم ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمکردن بوونیان هەیەو پێویستە کار بۆ سەرخستنی ئەو لیستە بکرێت.

هەر بەڕێزێک پێشتر منی ناسیوە ئەمەوێ پێی بڵێم من هەمان د.ئەحمەد کەرکوکی پێشووترم هەر کەسێک منی لەبەر خودی خۆم و ڕەوشت و ئاکار و هەڵسوکەوتەکانم خۆشدەوێت هەڵوێستی بەرامبەر بەمن ناگۆڕێت و هەمیشە نزای تەوفیق و سەرکەوتنم بۆ دەکات هەرکەسێکیش لەبەر بەرژەوەندی حزبەکەی خۆی و بیروبۆچوونەکانی خۆی خۆشی دەوێم دڵنیام پشتم تێدەکات و تەماشای نیەت و کارو بەرژەوەندی نەتەوەو ئاین و شارەکەم ناکات و بێ باکانە تۆمەتم بۆ هەڵدەبەستێ، بۆیە پێیان دەڵێم گەرەدەنتان ئازاد بێت.
ئێمە بەردەوامین
مەلا ئەحمەد فاتیح کەرکوکی
کوردستان-کەرکوک
۲۲-٨-٢٠٢٣

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو