رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه فه‌رمی، لێدوانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئالپئارسلان بهیراكتار وه‌زیری وزه‌ی توركیا سه‌باره‌ت به ئاماده‌یی بۆری نه‌وتی نێوان عێراق و توركیا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت به سیاسی ناو ده‌بات و باس له‌وه‌شده‌كات، “هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نیه”.
رۆژنامه‌ی سه‌باح له‌سه‌ر زاری گۆڤه‌ند شێروانی پسپۆڕی ئابوریه‌وه بڵاویكردۆته‌وه، “به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێم له مانگی (نیسان/4)ی ئه‌مساڵ و به‌پێی مادده‌ی 12 و 13ی ماده‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی، سه‌رجه‌م داهاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم و به‌شێك له كێڵگه‌كانی كه‌ركوك، دوای ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی سۆمۆوه ده‌خرێنه بازاڕه‌وه، ده‌چنه وه‌زاره‌تی دارایی و پاشان ناردنی پشكی 12.6% له شایسته‌ی هه‌رێم جیاده‌كرێته‌وه و ده‌نێردرێت”.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، ئه‌م بڕه هه‌نارده بكرێت یان نا یان ئه‌و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی به‌كاربهێنرێت، مافی هه‌رێم له بودجه جێگیره و پێویسته وه‌كو خۆی بنێردرێت، بۆیه هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت په‌یوه‌ندی به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه نیه.