بافڵ جەلال تاڵەبانی:قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە

بافڵ جەلال تاڵەبانی:قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە

#وڵات_میدیا #کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
“قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین”
پەیامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
لە رۆژانی ٨-٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەسەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکانی خولی نوێی دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی لە سلێمانی سازكرد.
‎کۆبوونەوەکان بە خوولەكێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی لە عێراق دەستیپێکرد، بەتایبەت گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال کە شەش ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد و کوردستان، عیراق و یەکێتیشی وەک ئەمانەت بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی سپارد.

سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە کە بریتین لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە موچە، ژیان و گوزەرانیان، دوومیش پرەنسیپی ستراتیجی کە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلەکەمان لە عیراق. وتیشی، هەردوو ئەم داخوازییە بەگرتنەبەری سیاسەتێکی کوردستانی و عیراقیانەی راست و دروست دەبێت کە لە کوردستان یەکڕیزیی راستەقینە، چاکسازیی جەوهەری و راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی پێویستە و لە بەغداش بەهاوپەیمانی، هاوبەشی، هاوسەنگی و کردنی پایتەخت بە چەقی سترایجیی خەباتی سیاسی و دیموکراتی و دەستووریمان دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی کوردستانی و عیراقی لەگەڵ هێز و لایەنەکان بۆ راییکردنی ئەرکە نیشتمانییە هاوبەشەکان کردەوە.
‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی
یەکێتیی لەم ماوە نزیکەدا دوو تاقیکردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە سایەی ئالیەتێکی گونجاو و لەباری دیموکراتیدا. وتیشی، ناشبێت هەردوو ئەرکەکە ئەوەشمان لەبیر بباتەوە کە هەمیشە داکۆکی لە شایستەداراییەكانی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان بکەین کە پێویستە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، چ لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی کوردستاندا چونکە قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین.
‎کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی سەرکردایەتی بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی کارە رێکخراوەییەکانی یەکێتیی کرد و لەمبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەرکی مەکتەب و ئۆرگانەکانیشی بە گوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریکرد.
‎لە کۆبوونەوەكە بڕیاردرا بەڵگەکانی پەسەندکراوی کۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پرۆگرام و راپۆرتی سیاسیی چاپ و بڵاوبکرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەکان و رای گشتی.
‎کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە گیانی پتەوی هەڤاڵان و ویستی ئاشتکردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی لە ئاستە جیاجیاکانی خەباتدا کۆتاییپێهات و بافڵ تاڵەبانی رووی لە هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی كرد، بە جۆش و خرۆشی یەکێتییانەوە وەک هەمیشە شان بدەنەبەر راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و حزبییە تازەکانی خەبات لەخزمەت خەڵكی كوردستان كە سەرچاوەی هێز و وزەی یەكێتین.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو