ئەیاز کەرەم رووداوە نەزاندراوەکانی ناو زیندان بۆ وڵات دەگێڕێتەوە

  • October 19, 2023
  • 137 Views
ئەیاز کەرەم رووداوە نەزاندراوەکانی ناو زیندان بۆ وڵات دەگێڕێتەوە

ئامادەکردنی/کاشما فاروق

ئەیاز كەرەم ڕەشید، ڕۆژنامەنووس و یەكێك لەئازادی كراوانی بادینان كە ماوەی زیاتر لەدووساڵ لەلایەن هێزەكانی هەولێر دەستگیركرابوو، لەپشت دەستگیركردنەكەشی چەندین رووداوی جیاواز روویانداوە و تالەدوای ئازاد بوونیشی فشارەكان لەسەری كەمی نەكردووە.

لەزاری ئەیاز کەرەمەوە:

سەرەتای كاری ڕۆژنامەنووسیم بۆ زیاتر لە ١١ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە، سەرەتای كاركردنم لە ڕۆژنامە دەستی پێكرد، دواتر چوومە كەناڵی ”كەی ئێن ئێن” و وەك پەیامنێر لەوێ كارم دەكرد، دواتر چەندین ساڵ وەك پەیامنێر لەكەناڵی ”ئێن ئارتی” كارم دەكرد، ئەمە سەرباری هەموو ئەو ڕێگری و فشارانەی لەبادینان پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئێمەیان دروست دەكرد، كاری رۆژنامەنووسی ئێمە زیاتر لەسەر نیشاندانی دۆخی خراپی خەڵكی كوردستان بوو ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پارتی لەو ناوچەیە بەقین بێت و كێشە و گرفت بۆ ئێمە دروست بكات و چەندین جار من دەستگیر بكات، دوای ئەوەی چەندین جار من لەکارەکەم دەستگیر دەکرام و دواتر ئازاد بووم، لە ٢٢/١٠/٢٠٢٠، بەمنەوە چواركەس لەو رۆژە دەستگیركراین كە پێش ١٥ ڕۆژ لە پێش ئێمە ”شێروان شێروان”یش دەستگیركرا بوو، ئەو رۆژەی كەتێیدا خەڵك هاتبووە سەرشەقام و تووڕە بوون لە حكومڕانی دەسەڵاتی پارتی، هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئێمەش هەر بەوهۆیەوە بوو و وە ئێمەیان بەهۆكاری نارەزای خەڵك لەخۆیان دەزانی!

دوای ئەوەی براین بۆ زیندان لەوێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئێمەدا كرد و لەیەكێك لەلێكۆڵینەوەكان بەبێ ئەوەی ئاگادار بم ڤیدیۆم تۆماركرابوو و تێیدا وەك بەڵگە بەكاریان هێنابوو كە من لەو لێكۆڵینەوەدا تەنها ئەو پرسیارەیان لەمن كردبوو ئایە شێروان شێروانی دەناسی؟ منیش وتومە بەڵێ و ئەوم بەهۆی پیشەی رۆژنامەنوسیوە ناسیوە و هاوڕێمە، ئیدی ئەمەیان لەسەر من ڤیدیۆ كردبوو بەبێ ئەوەی خۆم بزانم و لەگەڵ لێكۆڵینەوەی ”شێروان و گوهدار و مەلا شڤان و هاریوان” دانرابوو وەك ئەوەی بڵێن تاوانبارێكی گەورەیان گرتووە!، ئەمە و چەندین لێكۆڵینەوە لەمن دەكرا و چەندین تۆمەت دەخرایە پاڵ من یەكێك لەو تۆمەتانە لەكاتی لێكۆڵینەوە درایە پاڵ من ئەوە بوو كە ئەو پۆستانەی لەفەسبووك پۆستم كردبوو و تێیدا رەخنەم لەدەسەڵات دەگرت و هەندێ لەرووداوەكانم بەپێی مێژوو وەك خیانەت لەقەڵەم دەدا.

دیمەنی ئەیاز کەرەم کە تێیدا ڤیدیۆ کراوە و وەک بەڵگە بڵآوکراوەتەوە و تەنها تێیدا باس لەناسی شێروان شێروانی دەکات.

لەكاتی لێكۆڵینەوەدا جگە لەوەی سزای دەرونی دەدرام بەقسەی نەشیاو و وە سزای جەستەیش دەدرام، دەهاتن و ئەو پۆستانەی منیان كە هەموو كەس دەیتوانی ببنێت نیشانیان دەدام و وەك بەڵگە دایان دەنا و وێنەیان دەگرت و پێیان دەوتم چۆن دەتوانیت ئەو رەخنانە بگریت! ئەمە بۆ من زۆر سەیر بوو، وە بەردەوام لەگەڵ ئەم قسانەیاندا تۆمەتی سیخوریان دەدایە پاڵ من لەكاتێیكدا مێژوی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر روون و ئاشكرایە كەچەندین جار لەپاڵ وڵاتانی ئێران و توركیا سیخوڕ بوون! من پێم وایە ئەوان چونكە خۆیان و مێژویان پڕ بووە لە سیخوڕی بۆیە بەردەوام ئەو گومانەیان لەمن دەكرد و بەبێ بەڵگەش بەردەوامان تۆمەتیان دەدایە پاڵم.

تەنانەت ئەوکاتەی من و هاوڕێکانم لەدوای ئەم لێکۆڵینەوانە براینە بەردەم دادگا، پێش ئەوە هیچیان بەئێمە نەوتبوو و من پێم سەیر بوو کە ئەو خەڵک و ڕێکخراوانە و پەرلەمانتارانە لەناو هۆڵی دادگا چی دەکەن بێ ئاگا لەوە بووم رۆژی دادگای کردنی ئێمە بوو! دوای چەند رۆژەک لەو دادگای کردنەمان لە ١٦/٢/٢٠٢١ (من و شێروان و هاریوان و شڤان و گوهدار)، سزای شەش ساڵ زیندانی کردن بەسەرماندا سەپێندرا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی.

دواتر چەندین جار دادگای کرام و رۆژێک لەپاڵ بردنی من بۆ دادگا و بەتۆمەتی ئەندام بوون لەگروپێكی سیخوری و مەترسیدار، دادوەرەكە بەو هێزەی لەگەڵم بون ومنیان كەلەپچەكردبوو پێی وتن: ”ئایە بەڵگەتان لەبەردەستە یان یەكێك لەئەندامانی ئەو گروپەتان دەستگیرکردووە بەو چەك و پێداویستیە مەترسیدارانەی باسی دەكەن”!؟، ئەوان لە وەڵامدا وتیان ”جارێ كەس نەگیراوە بەڵام هەر رۆژەك بێت ئاشكرا دەبێت”!

ئێمە دەمان زانی ئەمەی روودەدات تەنها ڕقی دەسەڵاتە لەئێمە چونكە مەسرور بارزانی هەر پێش دادگای كردنی ئێمە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە ئێمە ”سیخوڕین”، كە بەبێی هیچ یاسایەك نەبووە و نابیت پێش دادگای كردن كەسێك بەو تۆمەتە گەورەیە تاوانبار بكەیت!

ئەو کاتەی مەسرور بارزانی پێش دادگای کردنی رۆژنامەنوس: شێروان و ئەیاز و گوهدار و مەلا شڤان و چالاکوان هاریوان، دەڵێت سیخوڕن!

ئێمە بەرچاومان روون بوو سەبارەت بەودۆخەکە و لەدوای ئەو سزا شەش ساڵەش ئێمە ئیرادەمان نەروخا و تەواوی رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەكان لەسەر ئێمە بەجواب هاتن و فشارێكی زۆریان لەسەر مەسرور بارزانی دروست كرد كە هەر ئەمەش وای كرد لەبارەی پرسی ئازادی رۆژنامەنووسی مەسرور بارزانی لەگەڵ چەند رۆژنامەنوسێكی سلێمانی و هەولێر و شارەكانی دیكە دیدارێك ئەنجام بدات، بەڵام كاتێك ڕۆژنامەنووسان پرسیاری دەستگیركردنی ئێمەیان لێ دەكەن، ئەو زۆر بەشێوازێكی خراپ وەڵام دەداتەوە و كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدەدات، منیش لەو بارەیەوە پێوەندی بەچەند میدیایەك دەكەم و رەخنە لە قسەكانی ”مەسرور” دەگرم.

ئەیز کەرەم لەسەر ئەم رەخنەیەی لەمسرور بارزانی و چاکسازی هەولێر سزادرا

بەهۆی ئەو رەخنەیەشمەوە، زیاتر لە٢٠ ڕۆژ سزام دەدەن و ڕێگری دەكەن لەوەی پێوەندی بەهیچ كەسێكەوە بكەم! وە ئەمەش دەكەنە دۆسیەكی نوێ بۆ من و تەنانەت دوای ئەوەی ئازاد دەبم بەوهۆیەوە لە دادگا وتەم لێ وەردەگیرێتەوە دەكرێمەوە!.

فشارەكانی سەر ئێمە لەزیندان هەر بەم شێوەیە بەردەوام بوو، هەرجارەو بەبیانوی جۆراوجۆر تاوانبار دەكراین و ئێمەش بۆ گەیانی دەنگی نارازیمان مانمان لەخواردن دەگرت، پاشان لە ١٦/٣/٢٠٢٣، من و مەلا شڤان و هاریوان ئازادكراین، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی پارتی واز لەمن بنهێت، بەڵكو لەسەر ئەو لێدوانەی من لەزیندان لەبارەی مەسرور بارزانی دام و تێیدا رەخنەم لەچاكسازی هەولێیش گرت كە بەهۆیەوە من و شێروانیان سزادرابوین، بەردەوام چاوێكی زۆرم لەسەر بوو تەنانەت ڕۆژێك بەسەردانێك چووم بۆ شاری سلێمانی هێزێك موختاری گەرەکەکەی ئێمەیان بردبوو بۆ ماڵمان و لەوێ پێی وتبوو ئەگەر ئەیاز نەگەرێتەوە ئەوا ناچارین ماڵەکەی بپشکنین، ئەوان وایان دەزانی من بۆ سلێمانی هەڵهاتووم، وە پارتی بەنیاز بوو هەر لەسەر ئەو لێدوانەم كە سەرباری ئەوەی من بەوهۆیەوە لەزیندان سزادرابوم و لەدادگاش وتەم لێ وەرگیرابوو، بەڵام پارتی بەوهۆیەوە دەیویست و نیازی وابوو من دەستگیربكاتەوە و وە من نەم دەزانی ئایە دوبارە دەستگیر بكرێمەوە چارەنووسم چی لێ دێت! بۆیە بریارم دا بادینان بەجێ بهڵێم و لەسلێمانی نیشتەجێ بم وە من مەترسی لەسەرم دروست بووە و بۆیە زەحمەتە تادەسەڵاتی پارتی هەبێت من بتوانم بگەرێمەوە بادینان، بۆیە من ئێستا لەسلێمانی دەژیم و لێرە دۆخم باشترە و فشار و مەترسی لەسەرم کەمترە بەڵام لێرە لەژێر چاودێری هێزە ئەمنیەکانم و ترسی ئەوە هەیە لەهەر دەرفەتێکدا پارتی تیرۆرم بکات چونکە من لەبادینان هەڵهاتووم.

ئەو نوسراوەی کە تێیدا ئاماژە بەوە دەدرێت لەسەر ئەو لێدوانە ئەیاز کەرەم تەشهیری بە چاکسازی کردووە

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو