رووداوە نەزاندراوەکانی ژیانی شڤان سەعید لەناو زیندان بزانە

  • November 6, 2023
  • 195 Views
رووداوە نەزاندراوەکانی ژیانی شڤان سەعید لەناو زیندان بزانە

شڤان سەعید، یەكێك لە ئازادی كراوانی بادینان دوای زیندانی كردنی بۆ ماوەی زیاتر لە دووساڵ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، لەڕێی وڵات_میدیا، چیرۆكی رووداوە نەزاندراوەكانی ناو زیندان دەگێڕێتەوە.

لەزاری شڤان سەعیدەوە:

پێش دەستگیركردنم من وەك مامۆستایەكی ئاینی كارم دەكرد و دەرچووی پەیمانگای زانستی ئیسلامی و دەرچووی پەیمانگای تەكینكی و دەرچووی زانكۆی شەریعەشم، هەوڵیشم دا ماستەر بخوێنم بەڵام بەهۆی دەستگیركردنم نەمتوانی.

من وەك مامۆستایەكی ئاینی لەسەر مینبەر بەردەوام پەیامی ژیان و ئاشتی و پێكەوە هاوكاری كردنی یەكدیم دەگەیاند، وە خەڵكم لە بەدەست هێنانی مافەكانیان هۆشیار دەكردەوە.

ساڵی ٢٠٠٤من ئەو كات خوێندكار بووم بەڵام وەك مامۆستایەكی ئاینی بۆیەكەم جار دەستم بە وتاردان كرد، پاشان تاوەكو ٢٠١٨من بەردەوام بووم و بەردەوام لەڕێی مینبەرەوە پەیامی مرۆڤایەتی و هۆشیاریم دەگەیاند، لەماوەی ئەو چەند ساڵە چەندین جار هێزە ئەمنیەكان لەكاتی وترادان دەهاتنە مزگەوت و وتارەكەمیان لێ دەبڕیم و بەردەوام بەم شێوەیە بێزاریان دەكردم.

وە هەركاتێكیش من بابەتێكم بەگرنگ و پێوست بزانیایە و باسم بكردایە بەڵام بەدڵی وەزارەتی ئەوقاف نەبوایە، ئەوا لەكاتی وتاردان هێزێكی زۆری ئەمنی دەهاتنە سەرم و لێیان تێكدەدام، پاشان لە ٢٠١٨ بەهۆی ئەوانەوە لە وتاردان لابرام!.

وە نەك لەتەنها لەڕێی مینبەرەوە، بەڵكو من بەردەوام لەناو خۆپیشاندانەكاندا بووم و لەوێش بەردەوام داوای مافی خەڵك و ئازادیم دەكرد.

دوای ئەوەی لەو ساڵانە ئێمە بۆ داواكردنی مووچە و مافی خۆمان خۆپیشاندانمان دەكرد و دەستگیردەكراین، لە ٢٢/١٠/٢٠٢٠بەشداری خۆپیشاندانێكم کرد بەشێوەیەكی زۆر مەدەنیانە كرد، بەڵام ئەوكات خەڵكی بادینان بە تەواوی لە دەسەڵات پڕ ببوو، چ بەهۆی نەبوونی مووچە چ بەهۆی نەبوونی ئازادی و مافی شایستەی خۆمان، بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە هێزێكی دەمامكدار هاتنە سەرماڵمان و منیان لە ژووری نوستنەكەم دەرهێنا و منداڵەكانم هاواریان لێ هەڵسا و بەهۆی ترسی زۆرەوە زۆر دەگریان، ئەوە دیمەنێك بوو كە هەرگیز لەبیری ناكەم و یەكێك بوو لە رووداوە ناخۆشەكانی ژیانم.

هەر ئەو ڕۆژە ”من و گوهدار و هاریوان و ئەیاز” دەستگیركران و بەچاوی بەستراو و دەستی كەلەپچەكراو لەپشتەوە، لە بادینان بردیانیان بۆ هەولێر كەماوەی زیاتر لە ١٠كاتژمێر ئێمە لەناو ئۆتۆمبێل بەبێ هیچ جوڵەیەك مابووینەوە و نەمان دەزانی چی روودەدات و نەشمان دەتوانی بپرسین چی بووە، كاتێك چاویان كردینەوە زانیم لە ئاسایشی هەولێرم و بەهۆی بەشداری كردنم لەو خۆپیشاندانە دەستگیركراوم.

لەكاتی گەیاندنی ئێمە لەدهۆكەوە بۆ هەولێر لەماوەی زیاتر لە١٠ كاتژمێرە، نەڕێیاندان ئاوێك بخۆین نە سەرئاوێك بكەین، زۆر بۆمان زۆرحمەت و ناخۆش بوو، كاتێكیش براینە ئاسایشی هەولێر هەریەكەو جیاكراینەوە و ماوەی ٥٢ ڕۆژ كرامە ژووری تاكە كەسی.

لەماوەی ئەو ٥٢ ڕۆژە ئازار و زەحمەتیكی زۆریانداین و تەنانەت ڕێگایان نەدەدا پێوەندی بە ماڵەوە بكەم و پێیان بلێم كە لەكوێم، پاشان كاتێك كە لێكۆڵینەوە لەمن دەستی پێكرد جارەكیان پێیان دەوتم كە پێوەندیم لەگەڵ پەكەكە هەیە جارێكی تریش دەیان وت ئەندامی ڕێكخراوی تیرۆرستیم و هەرجارە بە تاوانێك تۆمەتبار دەكرام، وە من پێم دەوتن ئەگەر بەڵگەتان لەبەردەستدایە تكایە بیخەنە روو چونكە من بەتەواوی دوورم لەو تۆمەتانە.

پاشان لە كاتی یەكێك لە لێكۆڵینەوەكان بڕیاریاندا ڤیدیۆمان تۆماربكەن و وەك بەڵگە بەكاری بهێنن، بۆیە دەستیان كرد بە هەرەشەكردنی نامووس لەسەر من و وتیان دەبێ لەوكاتەی ڤیدیۆت دەگرین دەبێ دان بەهەموو شتێكدا بنێت و بەهیچ شێوەیەكیش نەلێت كە هەرەشەت لێ دەكەین!

ئەو دیمەنەی کە لەکاتی لێکۆڵینەوە لەژێر هەرەشەدا ئاسایش تۆماری کرد

من تەنها هاریوان و ئەیازم دەناسی و چەند جارێكیش شێروانم لە خۆپیشاندانەك بینی و سەلامێكم لێ كردبوو دەنا بەهیچ جۆرێك نەمدەناسی، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی بلێم كە دەیناسم و پێوەندیمان هەبووە.

نارەحەتێكی زۆر ناخۆشم لەئاسایشی هەولێر تێپەراند دوای چەندین هەفتە چەند جارێك ڕێیاندا حەمام بكەم ئەویش هەر حەمام كردنێك دەبوو لەماوەی دوو خولەك تەواو بوومایە.

پاشان گوازرامەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر و توانیم پێوەندی بە خێزانەكەمەوە بكەم، لەوێ زیاتر گوهدار و شێروانم ناسی و لەگەڵ هاریوان و ئەیاز كۆدەبووینەوە و پێكەوە هاوڕێیەتیمان بەهێز كرد.

ڕۆژی١٦/٢/٢٠٢١بەبێ ئەوەی خۆمان بزانین براینە بەردەم دادگا و هەر لەوێ رێكخراوەكان و پەرلەمانتاران و نوێنەری چەندین وڵات ئامادە بوون، پاشان لەو رۆژە حكومی ٦ ساڵ زیندانی بەسەر هەر پێنجمان سەپێندرا، بەڵام بەهیچ جۆرێك ئیرادەمان نەرووخا و دەمان زانی بێتاوانین، هەر ئەو ڕۆژە گریانی عایشەی كچم بۆمن تەواوی میدیاكانی داگیركرد و ئەوە بووە زیاتر تورەكردنی پارتی، چونكە لەكاتی پێوەندی كردن بەماڵەوە هەرەشەی ئەوەیان لێ دەكردم كە منداڵەكانم بە تایبەت عایشە بێ دەنگ بكەم و باسی من لای میدیا بەهیچ جۆرێك نەكەن.

وێنەی گریانی عایشەی کچی شڤان سەعید

لەماوەی ئەو چەند ساڵ لە زیندانی كردنەماندا لەزۆر شت ڕێگری دەكراین، بۆ نمونە لەوێ دەتوانی بخوێنێت بەڵام ڕێگایان نەدا بەهیچ جۆرێك بخوێنێن، وە داوایی هەر كتێبێكمان بكردایە، زۆر بەزەحمەت دەهاتە دەستمان، یان هەر ڕێگایان نەدەدا، پاشان من و شێروان و گوهدار و هاریوان و ئەیاز وێنەیەكی پێنج كەسیمان لەزیندان گرت كاتێك بڵاوبوویەوە لەمیدیاكان و هێز و ئیرادەی ئێمە دەردەكەوێت پارتی زۆر توڕەدەكرد بەجۆرێك بریاریاندا هەرپێنجمان جیابكەنەوە و ئیدی پێكەوە نەبین.

ئەو وێنەیەی لەدوای بڵآوبونەوەی پارتی هەر پێنجیانی لەیەک جیاکردەوە

هەر ئەوكاتەی من لەناو زینداندابووم، لەوەزارەتی ئەوقافیش نانبڕاو كرام و لەكارەكەم دوورخرامەوە، كە ئەمەش بۆمن زۆر ناخۆش بوو، دوای ئەوەی لە١٦/٣/٢٠٢٣من و هاریوان و ئەیاز، ئازادكراین، وەك ڕێزێك بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لەناو زیندان پشتیوانی ئێمەیان دەكرد سەردانمان دەكردن.

من تاوەکو ئێستا بەشداری هیچ حیزبێکم نەکردووە و سەر بەهیچ لایەنێک نیم، تەنها دەمانەوێت هەرلایەنێک خزمەت بە میللەت بکات ئێمە هاوکاری بین و کاری تەواو دەکەم تاوەکو دژی دەسەڵاتی گەندەڵ بم

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو