هاریوان عیسا: من خاوەنی چیرۆکێکی تراژیدیای خۆشەویستیم

  • November 24, 2023
  • 236 Views
هاریوان عیسا: من خاوەنی چیرۆکێکی تراژیدیای خۆشەویستیم

ئامادەکردنی/کاشما فاروق

یەكێك لە ئازادی كراوانی بادینان بەناوی ”هاریوان عیسا” لەدایك بووی ١٩٩١، لە کۆمەڵگەی مسیریک، سەر بەقەزای سێمێل، سەر بە پارێزگای دهوک، لەدایك بووە و چیرۆك و ڕاستی ئەم گەنجە جیاوازە و وەك خۆی دەڵێت من خاوەنی چیرۆكێكی تراژیدی خۆشەویستیم، چونكە جگە لەوەی كە لەناو زیندان زیاتر لەدووساڵی تەمەنی بەرێ دەكات، بەڵكو دەستگیرانەكەشی تەواوی ئەوساڵانە چاوەڕێی دەكات و بە خۆشەویستیەكی زۆر و هیواوە بەمارەكراوی دەمێنێتەوە.

لەزاری هاریوان عیساوە:

من لەماوەی رابردوو چاودێری حزبی سندوقەکان بووم لە ڕۆژی هەڵبژارتن بەناوی یەکێتیەوە، لەساڵی ٢٠١٨، لەگەل شێروان چەندین چالاكی و خۆپیشاندانمان ئەنجام دەدا، دژی هێرشی توركیا و یادی شەهید كردنی وەداد و وە لەسۆشیال میدیاش چالاك بوین و لەفەیسبووکی خۆمان رەخنەمان دەگرت، وە چونكە شێروان كەسێكی دیار و رۆژنامەنوسێكی دیار بوو وە چاوێكی زۆری لەسەر بوو بۆیە كە ئێمە هاورێیەتیمان دەكرد و دەردەكەوتین پێكەوە لە چالاكیەكان ئەوا نیشانەی پرسیاریش کەوتبووە سەر ئێمە كە بۆچی هاوڕێیەتی دەكەین و لەگەڵیداین، هەر ئەوكاتە چەندین جار ئاگاداریان كردبوینەوە كە لەگەڵی هاوڕێیەتی نەكەین.

ئێمە بەردەوام بەشداری چالاكیەكانمان دەكرد، ڕۆژێك هاوڕێیەكم پێی وتم هاریوان سوێندیان پێ یاوم كە هیچ قسەیەك نەكەم بەڵام سوێندەكەم دەشكێنم و دەمەوێت پێت بڵێم كە بەتەمای دەستگیركردنی تۆن، منیش ئەمەم بە ئەیهانی برای مەلا شڤان وت كە ئەو رۆژنامەنوس بوو و وە لەچاڵاكیەكان لەگەڵ مان بوو، ئەوانیش ئەم بەباتەیان بەگرنگ وەرنەگرت و تەنانەت خۆشم لەو بڕوایەدا نەبوم كە دەستگیر بكرێم وتم رەنگە تەنها لێپێچینەوەیەكی سەرەتایم لەگەڵ بكرێت.

بەیانی ٢٢/١٠/٢٠٢٠ بوو، نزیك كاتژمێر ٦بۆ٧ بوو، من چومە دوكان چونكە لە دوكانێك شاگرت بووم و كارم دەكرد، پاشان نزیكەی كاتژمێر ٧بۆ٨، چەند ئۆتۆمبێلێک كە چواریان سەربازی بوون، هەڵیان كوتیە سەرماڵمان و بەشێك لەو هێزە سەرەتا و كۆتای گەرەکەکەیان گرتبوو لەترسی ئەوەی نەوەك من ڕابكەم چونكە نەیان دەزانی من ئەوكات ڕۆشبووم بۆ سەر كار.

پاشان هەڵیان كوتیە سەر ماڵمان و ئەوكات داپیرم و براكانم و باوكم لەماڵ بوون، هەموویانیانی خستە باخی حەوشەی ماڵەکەمان و دەمانچەیان لەسەر ڕاكێشان و لەماڵیشەوە بەدوای مندا دەگەران و هەموو ماڵەكەیان دابەیەكدا و سەقفەكەشیان هێنایە خوارەوە، دواتر بە باوكمیان وت كەمن لەكوێم و بۆ كوێ ڕۆشتووم، باوكیشم شوێنی كارەكەی منی پێنەدەوتن چونكە ئەو هێزە زۆرە كە دەبنێت دەیزانی گەر پێیان بلێ ئەوا جارێكی تر من نابنێتەوە.

ئەوان هەڕەشەیان لەباوكم كرد گەر شوێنی منیان پێ نەڵێت ئەوا باوكم لەبری من دەستگیردەكەن، چەند کاتژمێرێک بەو شێوەیە تێپەری و لەكۆتایدا براكەم وتی من شوێنەكەتان نیشان دەدەم.

ئەوە بوو هاتنە سەر شوێنی كارەكەم و دەم و چاویان داپۆشیم و راستەوخۆ منیان برد بەبێ ئەوەی بڵێن هۆكاری دەستگیركردنی من بۆچیە، منیان برد بۆ ئاسایشی گشتی دهۆك و دواتر بردیانم بۆ ساحەیەك بەچاوی بەستراوە و لەوێ منیان ڕاگرت و دواتر مەلا شڤان و ئەیاز یان هێنا و وە ئومێد بەرۆشكی و بەدل بەرواریش كە نزیك چەند مانگێكیش ئەوانیش دەستگیركرابوون ئەوانیشیان هێنا بۆ ساحەكە و دواتر گوهداریشیان هێنا و هەموومانیانیان خستە ناو ئۆتۆمبێلكەوە بەدەستی بەستراوە لەدواوە و چاوی بەستراوەوە بردیانیانین بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر كە تاگەشتمان بۆ ئەوێ چەندین سەعات بەبێ نان خواردن بەرێکرد.

دواتر بەچاوی بەستراوەوە، لەئاسایشی گشتی هەولێر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردم و یەكەم پرسیار ئەوەیان وت ئایە كەس پێی وتی كە ئێمە بەتەمای دەستگیركردنتین؟ وتم نەخێر! وتی ئەی هەستت بەمەترسی نەكرد؟ بۆ ڕات نەكرد؟ وتم من هیچم نەكردووە تاوەكو ڕابكەم و شوێنی كارەكەشم دیارە، وتی باشە باشە، ئەی لەفەسبووك پۆستێكت كردووە لەسەر شەنگال، ٣/٨، لەوێ چی رویداوە!؟ وتم ئەوە زۆر روونە پارتی شەنگالی جێ هشت و هەڵهاتن لەترسی داعش، كە بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە زۆر تورە بوون و جێنویان بەخۆم دا، پاشان لەبارەی پۆستێكی تری فەسبووكم كە لەسەر فەرهاد پیرباڵ كردبووم و وێنەیەكی ئەو و وتەیەكی ئەوەم دانا بوو كە باسی دادگا دەكات، وتیان چی پەیوەندیەكت لەگەڵی هەیە، وتم هیچ پێوەندیەكی شەخسیم نیە لەگەلی تەنها كابرایەكی زیرەكە و فكری ئەوم بەدڵە، ئەویش بەتوڕەیەوە وتی فەرهاد پیرباڵ ”كەر كوڕی كەرە”، كوا ئەوە زیرەكە، پاشان پێیان وتم بۆچی وێنەی مەزڵوم عەبدیت لەسەر پرۆفایلی فەسبوكەكەت داناوە و چی پێوەندیەكت لەگەڵی هەیە؟ وتم هیچ پێوەندیەكی شەخسیم لەگەڵی نیە و هەر كوردێكی ئازا لە هەر چوارپارچەی كوردستان بێت من خۆشم دەوێت، دواتر وتیان ئەی مانای چیە وێنەی خۆت و شێروان شێروانیش داناوە و نوسیویتە ”ئیرادە”، وتم شێروان هەركات دێتە دەرەوە لەزیندان ئیرادەی باشتر و بەهێزتر دەبێت، ئەویش وتی هههه دە با ئەم جارە بەئیرادەوە ئازاد بێت…

پاشان بۆ ڕۆژی دووەم لە ئاسایشی گشتی هەولێر دەستیان كرد بە تەماشاكردنی موبایل و نامە و هەموو ئەو شتە تایبەتانەی هەمان بوو، بۆ نزیك شەوەكەی هەر پێنجمانیان بەجیا هێنا بۆ لێكۆڵینەوە كە من وئەیاز و گوهدار و مەلا شڤان بوو، وە شێروانیش كە ئەو پێش ئێمە نزیكەی ١٥ رۆژ بوو دەستگیركرابوو، كاتژمێر نزیكەی ٧ی شەو بوو، منیان هێنا بۆ ژووری لێكۆڵینەوە و بێ ئەوەی ئاگادار بم ڤیدیۆیان تۆمار دەكرد، وە پێیان دەوتم تۆ وەڵامی ئێمە بدەوە و ئێمە تەنها بەموبایل ڤیدیۆی تۆ دەكەین و بڵاویناكەینەوە تەنها بۆخۆمانە، بەڵام لەو ژورە كامێرایەكی شارەوە هەبوو كە دەنگ و رەنگی ئێمەیان زۆر بەجوانی تۆماركرد، وە پرسیاریان لەئێمە دەكرد و من وەك خۆی وەڵامم دەدایەوە، بەڵام ئەوان بەمۆنتاژ كردن تەواوی ڕاستیەكانیان دەشێواند، بۆ نمونە بە گوهداریان دەوت تۆ لەگروپی مەسنجەری رۆژنامەنوسی بوویت؟ ئەو دەی وت بەڵێ لەگروپ بوم، ئەمەیان لەمۆنتاژ دەبری و دەیان خستە پاڵ ئەوەی كە خۆیان دەیان وت ئەمانە لەگروپی تیرۆرستی بوون و پاشان وەڵامە پجراوەكەی گوهداریان دەخستە پاڵی، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بەڵگەیەك دروست بكەن و سزامان بدەن.

پێش دەستگیركردنم من ماوەی دوومانگ دەستگیررانداربووم، جگە لەهەموو ئەو ناخۆشی و دوریانەی لەخێزانەكەم، خەمی دەستگیرانیشم زۆر بوو، چونكە ئێمە چوار ساڵ خۆشەویستی یەك بووین و دراوسێ بوین لەیەك گەرەك، سەرەتای ناسینمان بەهۆی ئەوەوە بوو كە ئەو دەهات بۆ ئەو دوكانەی من كارم دەكرد و شتی دەكڕی و لەوەوە پێوەندی ئێمە دەستی پێكرد، وە ئێمە زۆر بەزەحمەت بەیەك گەشین چونكە ماوەی شەش مانگ من چەندین جار دەچومە داوای و باوكی ڕازی نەدەبوو، دەستگیرانم دەی وت بۆچی هاریوان كۆڵ نادەیت خۆ هیچ هیوایەك نەماوە؟ منیش پێم دەوت كۆڵ نادەم یان تۆ یان مردن، هەر ڕۆژێک بێت ئێمە بەیەک دەگەین، ئەم قسانە و ئەم ئیرادە بەهێزەی من وای لە دەستگیرانم كردبوو زیاتر منی خۆش بوێت، بەڵام كە دوای دوومانگ لە مارەكردن من بەو شێوەیە دەستگیركرام دۆخی زۆر خراپ بوو، وە بەردەوام هەواڵی ناڕاست كە لەسەر من و خۆی بلاودەبوویەوە زیاتر بێ تاقەتی دەكرد بۆ نمونە جارێك دەیان وت هاریوان ئازاد ناكرێت جارێكیش دەیان وت دەكوژرێت یان دەیان وت دەستگیرانەكەی هاریوان وازی لێ هێناوە، ئەمە سەرباری ئەم هەواڵانە كەس و كارەكەشی دەیان وت با چارەنووسی نەفەوتێت و وازی لێ بێنیت، بۆ من ئەوكاتەی لەزیندان بووم و لە ئاسایشی گشتی هەولێر بووم نەم دەتوانی پێوەندی بكەم و رێیان نەدەدا بۆیە جگە لە خێزانەكەم بەردەوام خەمی دەستگیرانم بوو، ئایە ئەو جیا دەبێتەوە یان چاوەرێم دەکات.

نزیكەی ٥٢ ڕۆژ لە ژووری تاكەكەسی مامەوە و قژیان سفر كردم و لەو ژورەی دەمامەوە بەتانی و دۆشكێكی لێ بوو وەك سەردەمی بەعس وابوو، وە كاتێك دەیان بردم بۆ حەمام خاولیەكیان بەدەم و چاوم دەدا و لەماوەی دووخولەك دەبوو لەخۆشۆردن تەواو بوومایە، دواتر لە ژوری تاكەكەسی دەرهێندرام و چومە ناو زیندانیەكان و دوای زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ ڕێیان دا پێوەندی بە كەس و كارەكەم بكەم بەو مەرجەی جگە لەسڵاوكردن هیچی تر نەڵێم و وە دەنگەكەش كراوە دەبێت و ئەوانیش گوێیان لێ دەبێت، وە تەنها خولەكێك كاتیان پێداین و توانیم تەنها قسە لەگەڵ دایكم قسە بكەم و. بڵێم كە من باشم و لە ئاسایشی گشتی هەولێرم و وە بەدایكم وت ئەی مۆزوعی دەستگیرانم؟ دایكم وتی ئەوەش باشە، ئیتر دڵم ئارام بووە و پێوەندیەكەیان لێ داخستم.

پاشان من و مەلا شڤان و ئەیاز و شێروانیان گواستەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر، بەڵام گوهداریان نەهێنا چونكە دوو كەیسی تری بۆ دروست كرابوو، پاشان هەریەكەمان خراینە هۆڵێكەوە كە زۆر لەیەك دوور كرابوینەوە، دوای هەفتەیەك من و ئەیاز دەستمان بە مانگرتن لەخواردن گرت تاوەكو بمان بەنە لای یەك، دوای من و ئەیازیان بردە لای یەك و دوبارە مانمان گرتەوە لەگەڵ مەلا شڤان و شێروان تائەوانیشیان بردە لای خۆیان، بۆجارێ سێیەمیش مانمان گرت ئیترهەر چوارمانیان بردە لای یەك.

كە بەهۆی ئەم مانگرتنەش فشارێكی زۆر لەسەر چاكسازی گەورانی هەولێر دروست بوو كە بەوهۆیەوە رێكخراوی مافی مرۆڤ لەسەرمان هاتە دەنگ، پاشان دوای دوو مانگ گوهداریش هێندرایە هۆڵەكەی ئێمە و هەر پێنجمان یەكمان گرت.

ئێمە لەزیندان بەردەوام لەگەڵ یەك بوین و لە ساڵیادی دەستگیركردنمان بەیاننامەمان لەرێی تەلەفونەوە دەنارد و لەساڵیادی كوشتنی رۆژنامەنوسان وەك سەردەشت عوسمان و وەداد و كاوە گەرمیانی بەیانامەیان دەدا.

لەزیندان لەروی دەرونی زۆر نارەحەت دەكراین، تەنانەت كاتێك ویستمان بخوێنێن ئەو ساڵە ئەوبەشەی ئێمەیان داخست و وتیان نابێ كەس بخوێت و گرفتی زۆریان دروست دەكرد.

لە١٦/٢/٢٠٢١، بەیانی زوو بوو من و گوهداریان لەخەوهەڵساند و بردیانیان بۆ دادگای هەولێر، وە پێش ئێمەش مەلا شڤان و هاریوان و شێروانیان بردبوو، ئێمە هیچ ئاگادار نەبوین نەم دەزانی چی روودەدات، كەش و هەوای دادگا تەواو بەسەربازی كرابوو، رێكخراو و پەرلەمانتاران و رۆژنامەنوسان و نوێنەری چەند وڵاتێک لەوێ بوون، تۆمەتی بەشدار بوون لە گروپی تیرۆرستیان خستبووە پاڵمان، پاشان كە دادگای كراین، حاكمەكە لێی پرسیم هاریوان تۆ بۆچی كارتی پێنج دۆلاریت داوە بە ئەیاز؟ وتم من لەدوكان كارم ئەكرد و ئەویش پێوستی پێ بوو وەهاوڕێم بوو بۆیە پێم دا، تۆش جەنابی حاكم پێوستت پێ بێت پێتی دەدەم، حاكمەكە ئەمەی كردە تاوانێكی دیكە و خستیە سەر كەیسەكەم، پاشان حكومی شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەر پێنجمان سەپاند، بەڵام ئێمە بێ هیوا نەبووین چونكە دەمان زانی بێ توانین.

رۆژێک سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیدارێكی بۆ هەموومان ڕێك خست و وە سەرۆكی پەرلەمان وتی هاریوان ئێوە دەتوانن تەنها دووكەس ببینن تۆ كێ هەڵدەبژێریت؟ منیش یەكسەر وتم دایك و باوكم، سەرۆكی پەرلەمان وتی ئەی دەستگیرانت؟ وتم دایك و باوكم لەپێشترن، سەرۆكی پەرلەمان وتی مادەم تۆ هەقی سێ كەست هەیە و با دەستگیرانیشت ببنیت.

ئەوە بوو ئەو رۆژە باوكم نەیتوانی بێت، براكەم و دایكم و دەستگیرانم هاتن و دەبوو لەماوەی ١٥خولەك قسەكانمان تەواو كردایە، لەپێنج دەقەی ئاخر دایكم من و دەستگیڕانمی تەنها جێ هشت تاوەكو قسە لەگەڵ یەك بكەین، منیش تەماشای چاوەكانیم كرد و پێم وت: ئەوە من تازە حكومی شەش ساڵم. بەسەردا سەپێندراوە، تازە ٥ مانگم تێپەڕاندووە، تۆ بۆخۆت و. ژیانی خۆت بریار بدە، ئەو وتی: نەك شەش ساڵ ١٦ ساڵیش زیندانی بكرێت من هەر چاوەڕێت دەبم و خەفەتی هیچ شتێكیش مەخۆ و جارێكی تریش ئەو قسانە مەكە.

ڕۆژ و مانگ تێپەری ئێمە ڕۆژێك لەساحەی زیندان هەرپێنجمان بووین، لەوێ وێنەگرێكمان بینی زۆر بەتامەزرۆوە چوین بۆلای و داوامان لێ كرد وێنەی هەر پێنجمان بگرێت، چەند وێنەیەكی گرتین لەیەكێك لە وێنەكان پەنجەی ئازادیمان بەرزكردەووە، وێنەكە گیرا بەڵام وێنەگرەكە وتی ئەم وێنەیە بەشارەوەی دەمێنێتەوە و بلاوی ناكەینەوە، شێروان لەوكاتەدا وتی بۆچی ئەمە پەنجەی سەركەوتن و ئازادیە تۆ بەخۆت حەز ناكەیت ئازادبیت؟ وێنەگرەكە وتی كاكە رزقی ماڵ و مناڵم لەسەر ئەم وێنەگرتنەیە و من لێرە سەرباری ئەوەی زیندانی كراوم بەمە كارئەكەم ە رزقمان مەبرە، شێروانی وتی تەواو مادەم وایە با وێنەكە لای خۆت بمێنێتەوە.

ئەو وێنەیەی هەر پێنجمان تاوەكو ئێستاش بەشاراوەی ماوەتەوە و چاوەڕێین رۆژێك بكەوێتە بەردەستمان، دوای ئەوەی ئەو وێنانەی ترمان بڵاوبویەوە زۆر بەتوندنی مامەڵەیان لەگەلمان كردین، وە دەستیان بەچاودێری كردن لەسەرمان كرد و سیخوریان دانا و دەیان ویست بزانن پلانمان چیە كە بچینە دەرەوە، چونكە سزاكەی ئێمە بەهۆی فشارەوە ڵە شەش ساڵ كەم كرابووە، ڕۆژێك كەسێك لەزیندان هاتە لام و پێی وتم، كاك هاریوان پێیان وتم هەفتەی ٢٥ هەزارم دەدەنێ تەنها چاودێری ئێوە بكەم و قسە لەئێوە دەربێنم سەبارەت بەوەی بەتەمان بچنە دەرەوە چی دەكەن و پڵانتان چیە، بۆیە داوات لێ دەكەم لەگەلم وەرە و پیاسە بكە تاوەكو ئەوان هەست نەكەن كە من ڕاستیەكانم بەتۆ وتووە.

لەیەكیك لەڕۆژەكان دەستگیرانم هات بۆ بینینم و هێدە خەمی دوری لەنێوان خواردبوو كاتێك هات بورایەوە و تەندروستی زۆر خراپ بوو، دەم زانی ئەم دۆخە زۆر ناخۆشە بۆ هەردووكمان بەڵام هیچ دەسەڵاتێكیشم نەبوو، پاشان لە ١٦/٣/٢٠٢٣ بریاری ئازادبوونی ئێمە دەرچوو بۆ شەوەكەی دەستگیرانم پێی وتم كە هاتیتە ماڵەوە ناتوانم ڕاستەوخۆ بت بینم چونكە بەرگە ناگرم چەند رۆژێك لەرێی كامێراوە قسەئەكەین تا ئەو حەزرەتەم بشكێت و نەبوورێمەوە پاشان دێمە بینیت، لەگەل گوهداریش پلانمان دانابوو كە لەیەكەم رۆژی ئازادبوونمان چی بكەین و كامان بۆ میدیاكان قسە بكەین، ئێمە زۆر دڵ خۆش بووین چونكە بڕیار بوو من و هاریوان و ئەیاز وگوهدار ئازاد بكرێین، بەڵام كە سبەی بویەوە، بەهۆی دروست كردنی كەیسێكی نوێ گوهدار ئازاد نەكرا و خۆشیەكانم لێ تاڵ بوو، هەر چۆنێك بوو چوینەوە بۆ ماڵەوە و چەند رۆژێك بەكامێرا قسەم لەگەڵ دەستگیرانەكەم دەكرد و رۆژانەش میوانمان دەهات بۆ ماڵمان، دوای چەند رۆژێك من لای میوانەكان بووم، منداڵێك هاتە ژوورەوە و پێی وتم كە دەستگیرانەكەم هاتووە بۆ لام و بوراوەتەوە منیش بەخێرای چومە لای و كەمێك ئاوم بەدەم و چاوی كرد تا دۆخی باش بوو، پێم وت ئەی تۆ نەت وت كەنابورێمەوە جارێكی تر؟ زەردەخەنەیكی كرد و وتی ئەمە بورانەوەی خۆشی بوو و دوبارە نابێتەوە.

بەم شێوەیە ساڵێك تێپەڕی و هاوسەرگیریمان كرد و هەمیشە ئەو قوربانی دانەی هاوسەرەكەم لەبیر ناچێتەوە و پێم وتووە كارێك نەكەیت رۆژێك ئەم چیرۆكە تیراژیدی و خۆشەویستیە جوانەمان بشێوێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو