وڵات_میدیا #کوردستان
دانیار ئەکرەم، چالاکەوان و رەخنەگر، دەڵێت:
لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و روخانی دەسەڵاتی روسیای قەیسەر; گرووپێکی پۆپۆلیزیم هەبوون، ئەو گرووپە پێش هاتنە دەسەڵاتی ستالین و هاورێکانی، بە شەو هاوڕێی سەرمێزی پیاوانی قەیسەر بوون، بە رۆژیش خەڵکیان چەواشە دەکرد. ئەو گرووپە لە مشەخۆرەکانی کۆمەڵگابوون، خەڵکیان هەڵدەخەڵەتاند لەژێر دروشمی دادپەروەریی بۆ هەمووان و دینداری سەختە.
کەس وەک ستالین و هاوڕێکانی ناخ و کرداری ئەو گرووپە شارەزانەبوو، رۆژێک لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر باسی ئەو گرووپە دەکەن، ستالین دەڵیت؛
با بەردەوامبن چونکە تەمەنیان کەمی بەبەرەوەماوە، ئێمە باشیان دەناسین و خەریکە کۆمەڵگاش بە تەواوی دەیانناسێت، ئەوکات باشتر شەرمەزاری خەڵک و مێژووش دەبن.
ئەوانە لە سەردەمی قەیسەر، کۆمەڵگای رووسی بڕوای پێیان هەبوو بتوانن گۆڕانکاری بکەن، بەڵام دوایی بەتەواوی ئاشکرابوو کە ئەوانە پیاوی دەسەڵات و پارە و خۆدەوڵمەندکردن بوون، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت، زۆر نزیکە لەسەردەی روسیای قەیسەر، گرووپێکی مشەخۆری ناشیرین هەن، سەردەمێک خەڵک بە فریادرەسی دەزانین، هەموویان بانگەشەی یەکسانی و دادپەروەریی یاسا و کۆمەڵایەتیان دەکرد، بەڵام زۆر بە زوویی بۆمان دەرکەوت کە شەوان برادەری سەرمێزی دزە گەورەکانن، ئەو گرووپەی ئێستا شیر تیژ دەکەن کە گوایە فریادرەسن و دەیانەوێت دووبارە خەڵک متمانەیان پێبکاتەوە بۆ پەرلەمان؛ خەریکی دروشمی درۆیینەی دووبارەن، تەنیا دوو ئامانجیان هەیە:
یەکەم؛ پارەیەکی زۆر و موڵک و ماڵ و سامانێکی زۆریان کۆکردۆتەوە، دەیانەوێت بەردەوامبن و زیاتریان دەستکەوێت.
دووەم؛ ئامانجیان ئەوەیە لەو شێوازە سیاسەتە بەردەوامبن بۆ ئەوەی پارەی زۆر و موڵک و ماڵ و بازرگانیەکەیان بە سەلامەتی بمێنێتەوە تاکو کێشەیان بۆ دروست نەکرێت.
ئەو گرووپە زۆر بێئاگان لەوەی خەڵک ئەمڕۆ پەڕی سپی دەخوێنێتەوە، نازانن دروشمی درۆیینە و دینداری سەختە یەک تووری قوڕاویی ناهێنێ و خۆیان زۆر لە دەسەڵات ناشیرینترن.
کورد هەندە حزب و ڕێکخراو و کەسایەتیە سیاسی و بازرگانیەکانی تاقیکردۆتەوە، بەشی ئەوەندەی لێ هەڵێنجاون جارێکی تر نەکەوێتەوە هەمان چاڵی درۆ و تەڵەکەبازیی ئەوان. ئەوەندە فێربووە لەپڕ دەست بۆ هەموو لایەنێک درێژنەکا تا باش شارەزایان نەبێ.
کورد لە باشوور وەک کابرای ماران گەزتەیە، مار ئەوەندەی گەزیوە، ئێستا لە گوریسی ڕەشیش ئەترسێ، دەستی بۆ نابا، نەوەک ماربێ و بیگەزێ.