#وڵات_میدیا#کوردستان
کاری ناوماڵ لە توندوتیژی زۆر زیاتر ژن پەراوێز دەخات، کۆنترۆڵی دەکات، جیای دەکاتەوە لە ژیانی گشتی، دوریدەخاتەوە، دەستی دەبەستێتەوە و بە ژیانی تایبەتیەوە خەریکی دەکات، بۆیە هیچ هێزێکی پیاوسالار نیە بیەوێت باسی بکات و بە سەرەکیترین هۆکاری دیلیبونی ژنی دابنێت.
ئەوانەی کاری ناوماڵ بەتەنها بە هی ژن نازانن کەمن، زۆرێک لەو پیاوانەشی لەناو دنیای خوێندن و خوێندەواریش دا هەن، پێیانوایە شورەییە پیاو جل هەڵبخات، حەمام بشوات، ماڵ پاک بکاتەوە و.. هتد.
ئەوانەی قسە لەسەر ئەم پرسە دەکەن مەبەستیانە ژن بەتەنها ئەم بەرپرسیاریەتیە سەختە لەسەر شانی نەبێت کەمن. کاری ناوماڵ بۆ ژنانێک کە لە دەرەوەی کار پێیان دەوتریت “ژنی ماڵەوە” و لە دەرەوە کارناکەن، ئاسانتر روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، بەو هۆکارەی ژن لە خێزانێکی وادا بە موڵکی پیاوەکەی دادەنرێت و کۆنترۆڵدەکریت، دەچیتە خانەیەکەوە کە پەیداکەری ئابوری خێزان نیە و کاری ناوماڵیش وەك کار حسابی بۆ ناکریت، لەزۆر کاتدا ئەم ژنانە ئاسان روبەڕوی توندوتیژیی دەبنەوە.
پێویستە گوتاری رێکخراوەکان و چالاکوانان، پیاوانی یەکسانیخواز لە هەرێم بە قوڵیی کار لەسەر سەرچاوەی جیاکاری نێوان ژن و پیاو بکات، بەڕای من یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئەم پرسەیە کە پێویستە تیشك بخرێتەسەری و ژن توانا راستەقینەکەی دەرکەوێت و لە هەمو جێگایەك بونی هەبێت.
ژن گەر هەمیشە لە ژێر فشاری کاری ناوماڵدا نەبێت، ئەو کات ئاسانتر توندوتیژی کەمدەکات، بونی راستەقینە و بەڕێوەبردنی وڵات گۆڕانی بەسەردا دێت، شوێنێک نامێنێت ژن بە هێزەوە تێیدا دەرنەکەوێت، لە میدیاکان لەکۆی راگەیاندن، دادگاکان، بانکەکان، هەموو جێگا هەستیارەکان و … هتد، هەموی بونی ژن تێیدا زیاد دەکات.
زۆرجار باس لە بەشداریی ژنان دەکرێت، تەنها حزب و هەڵبژاردن نیە کە بونی ژن دەربخات، ئەمەیان بونێکی زۆر پێویستە کە ئەم پرسە دەباتە پێشەوە، وا دەکات پیاو و ژن کاری تایبەتی و کاری گشتی پێکەوە بکەن، نەك ئەم لاسەنگییەی کە لە کوردستان هەیە.
دابەشکردنی کاری ناوماڵ لە ماڵی خۆتەوە دەستپێدەکات بەو تێڕوانیەی کە ژن بە ماڵەوە نەبەستێتەوە و دەستەمۆی بکات. ئەمەش رێگایەکی گرنگە بۆ رزگاریی ژن لە دەست پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا
– تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED