بڵێسە جەبار فەرمان:مامۆستایی، پیشەیەکی پیرۆزە و زۆر کات دەوترێت پیشەی پیغەمبەرانە

  • January 3, 2024
  • 87 Views
بڵێسە جەبار فەرمان:مامۆستایی، پیشەیەکی پیرۆزە و زۆر کات دەوترێت پیشەی پیغەمبەرانە

وڵات_میدیا #کوردستان

پیشەو پێگەی مامۆستایی لەناو کۆمەڵ
ئەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر جیادەکاتەوە بوونی عقل و بیرکرنەوەیە هەروەها بوونی رۆح و ویژدانە کە خوداوەند بە مرۆڤەکانی بەخشیوە.
پیشەی مامۆستای، پیشەیەکی پیرۆزە و زۆر کات دەوترێت پیشەی پیغەمبەرانە، بەو واتایەی پەیامێکیان پێیە بۆ گەیاندن هەروەها بە پیشەی دروستکەری نەوەکان ناودەبرا.
گومانی تێدا نییە کە پیشەی مامۆستایی لە ڕابردوودا لە نێو زۆرێک لە گەنجاندا ڕێزدارترین و خوازراوترین پیشە بووە. چونکە تاکە پیشەیە کە مامەڵە لەگەڵ عەقڵ و ڕۆحی مرۆڤدا دەکات و ئەو دوو خەسڵەتەی کە خودا پێی بەخشیوە و جیای کردووەتەوە لە گیانلەبەرەکانی تر.
ساڵانی رابووردوو مامۆستا مەکانەتێکی زۆر بەرزی هەبووە لەنێو کۆمەڵگادا. بە رێزێکی زۆرەوە لە دەرەوەی خوێندنگا و لە لایەن تاکی کۆمەڵگاوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا. لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان ئەو کەسەی رێزێکی زۆری بۆ دەرببردرێت بە مامۆستا بانگ دەکرێت.
مامۆستا یەکێکە لەو پایە بنچینەییانەی کە کۆمەڵگا لەسەری بونیاد دەنرێت.
مامۆستا هیوای میللەتە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتن و گەشەکردن،
کانیاوی ئاوی پاکە کە عەقڵ بە مەعریفە و کولتوور ئاودێری دەکات
ڕابردو دەپارێزێت و بەشدارە لە گەشەپێدانی ئێستا، بەمەش سیمای داهاتوو دادەڕێژێت.
پارێزەری ڕابردوو بەو واتایەی مەعریفە، بەهاکان، شارستانیەت دەگواێتەوەو مێژووی میللەت لە لەبیرچوونەوە دەپارێزێت.
مامۆستا بە باشترین شێوە ڕێنمایی قوتابیان دەکات و بەها و بیروباوەڕ و گرنگترین زانیاری دەربارەی میراتە کولتوورییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازێتەوە.
گەشەپێدەری ئێستا بەو واتایەی ژیانی خوێندکار بۆ باشتر دەگۆرێت.
بەوەی کە هیوایان بە ژیان بێت، بڕوایان بەخۆیان بێت و خۆشەویستیان بۆ خاک و نیشتمان و بونیاتنانی حکومەتێکی شارستانی.
زۆرێک لە خوێندکارەکان بێ ئامانجن، گرنگی بە ژیان نادەن و گرنگی بە ژیانی ئەکادیمی خۆیان نادەن و ئامانجی دیاریکراویان نییە کە هەوڵی گەیشتنی پێ بدەن.
ژیان و بۆچونی ئەم خوێندکارانە بەهۆی مامۆستای شایستەوە دەکرێت گۆرانکاری بەسەردابێت.
دروستکەری داهاتوو بەو واتایەی لە ڕێگەی کارەکانیانەوە فێرخوازەکان ڕادەهێنێت بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی بەرهەمداری ناو کۆمەڵگا.
مامۆستا متمانە بە خوێندکارەکانی دەبەخشێت و هانیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
لەم ڕێگایەوە خوێندکارەکان پێدەگەێنرێن بۆ سبەینێیەکی باشتر.
کاتێک پرسیار لە سەرۆکی پێشووی دەوڵەتی سەنگافورە (لی کوان) کرا سەبارەت بە هۆکاری گەشەسەندنی سەنگافورە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەو دا وتی: من لە سەنگافورە موعجیزەیەکم ئەنجام نەدا، تەنها ئەرکی خۆمم بەرامبەر وڵاتەکەم ئەنجامدا.
من سەرچاوەکانی دەوڵەتم بۆ پەروەردە تەرخان کرد، و پێگەی مامۆستایانم لە چینێکی بەدبەختەوە گۆڕی بۆ بەناوبانگترین پۆل لە سەنگافورە.
مامۆستا ئەو کەسەیە کە موعجیزەی دروستکردووە، ئەو کەسەیە کە نەوەیەکی بەرهەمهێناوە کە زانست و ئەخلاقی خۆشدەوێت.
بەڵام چی بووە هۆی ئەوەی ئەم پیشە پیرۆزە بە شێوازێکی تر تەماشا بکرێت و ئەو ڕۆڵەی لە نێو خوێندنگا و دەرەوەی خوێندنگا نەمێنێ؟
ئێستا مامۆستاو پیشەی مامۆستایی ئەو رێزو و پیرۆزیەی جارانی نەماوە.
بەدەر لەوەی سیاسەتی بێودەوڵەتی وڵاتە زلهێزەکان بۆ بە کۆیلە کردن و بڵاو کردنەوەی جەهالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا. میلەتێک جاهل بێت باشتر ئاراستە دەکرێت و بەگژ یەکدا دەدرێن و شرو ئاژاوە لە نێوانیان دروست دەکرێت و ئابوریان کۆنترۆل دەکرێت.
بۆیە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ بە نەخوێندەوارکردنی کۆمەڵگایە.
لەناوبردنی کۆمەڵگا بە لەناوبردنی کەرتی پەروەردە دەست پێ دەکات.
لێرەدا نامەوێ باس لە کاریگەری و کارکردن و سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان بکەم بۆ بە کۆیلەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵکو دەمەوێ خوێندنەوەیەکی واقعی بۆ ئاڵوگۆری ناوبانگی پیشەی مامۆستا بکەم.
مامۆستا بە سەرچاوەی زانیاری و زانست دادەنران. بۆ هەموو بوارەکانی زانست و ژیان و ئاین ڕوو لە مامۆستا دەکرا. ئەوەی مامۆستا بیوتایا بڕوای پێدەکرا.
ئێستا بەهۆی تەکنۆلۆجیا و میدیا سەرچاوەی بەدەست هێنانی زانیاری زیادی کردوە. بۆ هەموو جۆرەکانی زانیاری مرۆڤەکان روو لە ئنتەرنێت و گۆگل و توتیوب دەکەن. ئەمەش بووە هۆی نزم بوونەوەی ئاستی مامۆستا.
کەمی داهاتی مانگانەی مامۆستا و لەبەرانبەردا زیادی داهاتی پیشەکانی تر بۆتە هۆی ئەوەی کەمتر لاوان و خوێندکاران خواستی بوون بە مامۆستایان هەبێ. ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ناوبانگی پیشەی مامۆستا.
نزمی ئاستی بەشێک لە مامۆستا و کارنەکردنیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و سەقافیان. هەندێک لە مامۆستاکان هێندە ئاستی سقافەتیان نزمە کە ناتوانن ببنە سەرچاوەی ئیلھام بۆ قوتابیەکانیان.
تێکەڵ بوونی مامۆستا بە ئەجێندای سیاسی و پەیرەوکردنی ئەو ئەجێندایانە لە حەرەمی خوێندنگا.
حزبایەتی نا تەندروست و دانانی بەڕێوەبەرو جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانە لەسەر بنەمای لایەنگری حزبی.
خوێندنگای ناحکومی کە بەشێکی تری ناشرین کردنی پیشەی مامۆستان. ئەم قوتابخانانە کە بە پارەن، ئەو هەستە لای خوێندکار دروست دەکات کە مامۆستاکە بە پارەی ئەو کاردەکات و لەبەرانبەردا رێزی بۆ مامۆستاکە و پیشەکەی کەم دەبێتەوە.
هەندێک لەوانەی پیشەی مامۆستایی هەڵدەبژێن لەبەر خۆشەویستیان بۆ ئەو پیشەو کەرتە نیە، بەڵکو لەبەر زۆری رۆژانی پشوە بە تایبەتی لە هاویناندا. ئەمەش ناشارنەوە و لە ناو کۆمەڵگادا زۆر بڵاوە کە تەنها پیشەیە کە زۆرترین رۆژانی پشووی هەیە.
ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان دا بەو شێوەیە نیە تەنها لەم وڵاتانەی کە خوێندن و خوێندنگایان لا گرنگ نیە.
ئەم نوسینە ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو دۆخەی کە کۆمەڵگای ئێمەی پیا تێپەڕ دەبێت لە کەم بەھا بونەوەی پیرۆزیەکان. لە کاتێکدا نەوەی ئێمەو نەوەکانی پێشتر زۆر زۆر بە چاوی بەرزی سەیری ئەم کەسایەتیە پەروەردە کارەیان کردوەو وەک قدوەو پێشەوا لێیان رابینیوە.
پیشەی بەرزی مامۆستا،
لەناو دۆخێکدا ئەم پرسیارانە دەوروژێنم مامۆستا بایکۆتی خوێندنی کردوەو داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەم بایکۆتکردنە ئەوەندەی تر لە ئمیجی پیشەکەیان کەم دەکاتەوە.
من باسی کەم و کوری حکومەت ناکەم کە بێگومان تاوانبارە لە دابین نەکردنی مافی هەموو فەرمانبەران.
بەڵام تەنها مامۆستا نیە کە بێ موچەیە. هەموو کەرتەکانی حکومەت مافیان پێشێل کراوە.
پیشەی مامۆستا یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین بەرپرسیارێتی لەسەرشانە.
دەبێت مافی مناڵ و مافی خوێندن لەبەرچاو بگیرێت.
بێبەش نەبون خوێندکار لە خوێندنی ساڵیش گرنگە.
پەک نەخستنی پرۆسەی خوێندن ئەرکی ھەمووانە بە مامۆستاو خوێندکارو چینەکانی ترو دەسەڵاتیشەوە.
با هەمووان لە هەوڵی دوبارە جوانکردنی پیشەی مامۆستا بین
با لەوە زیاتر ناو ناوبانگی ئەو پیشەیە غوبار نەیکرێت.
@followers

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو