لە زڕەی زنجیر دڵمان نە لەرزێ
ستران عەبدوڵلا
ماوەی داهاتوو ڕەدو بەدەلی زۆر دروست دەبێ لەسەر ئایندە و شێوازی حکومەتی لۆکالی کەرکوک ، لەسەر بەشی لایەنەکان و پێکهاتەکان، لەسەر جەنەڕال پۆست کە پۆستی پارێزگارە.
لەپەنا ئەم تەداروکانەی کوڕی ئیستحقاقی هەڵبژادن و کچی سازان و زادەی گفتوگۆی لایەنەکانن ، شتی تریش هەن و دەقەومێن ، شتی تر کە کاریان بەلارێدا بردن و کاردانان و تاقیکردنەوەی ئیرادەن . لەوانە گێچەڵە ناڕەوآکەی سوپا دژی خەڵکی گەڕەکی نەورۆز. لەوانەشە کەینوبەینی تریش مابن کە ساحیرەکان لە چەکمەجە دایاننابێ و پەیتا پەیتا لەبەردەم دیموکراتی و ئیرادەی دەنگدەر قیتی دەکەنەوە.
گرنگە کورد و بەتایبەتیش یەکێتی کە بە کردار دۆسێکەی بەدەستەوەیە ، هەم بە گفتوگۆ و تەگبیری کراوەی سیاسیی و هەمیش بە (عەزمی بەتینی) نیشتمانی و نەتەوەیی لەگەڵ پێشهاتەکان مامەڵە بکات.
وەک لە ئەدەبیاتی جارانی حزبەکەماندا هاتووە ( نە لەباری ببەین ، نە مرادری بکەینەوە).
یەکێتی حزبی کۆمەڵانی خەڵکە و لەوانەوە هەڵقوڵاوە و دەشزانێ دەنگی دیموکراتی خەڵک ئەمانەتە و سیاسەتی چەپکە گوڵەکە و پرەنسیبی (نەشتەرگەری مێشک)یش کە هی سەرۆک مام جەلالە، ئەمانەش ئەمانەتی سەربارن، یەکێتی بەم کۆکتێلە گیراوەوە دەتوانێ ئەرخەیان بێت کە لەسەر رێگە ڕاستەکەیە. جا لەم رێگایەشدا ئاساییە ، هەر قۆرت و رێگری دێن و دەرۆن . ئەمانە هیچ نین. (یاری تلیماج)ی پێش کلاسیکۆ مەزنەکەی پێکهاتنی حکومەتی داهاتووی کەرکوکن.
سەرۆکی یەکێتیی هەڤاڵ بافل لە سەکۆی کەرکوکەوە رایگەیاند؛ (دەنگ لە ئێوە و شەڕی مافەکان بۆ ئێمە جێبێڵن)
پەیامەکە زۆر روون و ئاشکرابوو . کاتێتی.
مەسەلە گەڕەکی نەورۆز نییە، مەسەلە ئاهەنگی نەورۆزە کە لەگەڵ جاڕدانی ئیدارەی ئیئتلافی کەرکوک، بۆ بەهاری داهاتوو ، ئاگرەکەی دڵی هەموو نەتەوەکان گەرم دەکاتەوە.