وەزیری پێشمەرگە: ئامانجمان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە

  • January 23, 2024
  • 51 Views
وەزیری پێشمەرگە: ئامانجمان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری بریکاری وەزارەت، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ، ئەمینداری گشتی، جێگرانی سەرۆکایەتی ئەرکان و نوێنەرانی فەرماندەیی هێزەکانی(٧٠-٨٠)، بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون. کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم دوایەیی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شاری هەولێر و گشت شەهیدانی کوردستان،دەستیپێکرد.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە،خۆئامادەکردن بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کرا. وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە،لە خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوە کارکردن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەروەها رایگەیاند:” ئامانجمان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم پێناوەشدا بەردەوامین و هەنگاوەکانمان خێراتر کردووە بە مەبەستی بنیادنانی هێزێكی تۆکمەی سەربازیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە،ڕۆڵی باڵای دیپلۆماتکاران و راوێژکارانی سەربازیی و سیاسی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکای بەرزنرخاند لەبەرامبەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

جەنەڕاڵ مەکێنزی، بە گرنگیەوە باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد لە پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەروەها رایگەیاند: ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازی لەم پێناوەشدا ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها وتیشی: پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین و دڵنیاین پرۆسەی چاکسازی ئەنجامی گەورە و گرنگی دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی کارنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی ورد و پڕبایەخی لەبارەوە کرا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو