دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی چەواشەکاری و هەوڵە تێکدەرانەیەکانی پەکەکە.
میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر.
لێرەدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان ڕووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.
ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان