قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “ئێمە لەوانەیە تا 20 ساڵی تر نەتوانین لە نەیارەكانمان بەهێزتربین، بەڵام دەتوانین زیرەكتر بین”.
لەمیانەی پێشكەشكردنی وتاری سەرەكی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازیی 2024، كە لەسلێمانی ئەنجامدرا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی كۆڕبەندەكە لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت و وتی “چونكە سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە نوێگەریی و داهێنان”.
وتیشی “پێكەوە لەم هۆڵەدا كۆبووینەتەوە دەتوانین رووبەرووی ئاڵنگارییەكان ببینەوە و چارەسەری زیرەكانە بدۆزینەوە بۆ كێشەكانی ئەم سەردەمەمان”. جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە “ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی پەنجە بخەینە سەر برینەكان و بزانین بەربەستەكان چین لەبەردەم ئابووری كارمان”.
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد “من دڵنیام كۆمەڵێك كەس دانیشتوون لە ماڵەوە دەڵێن ئێوە خەریكی چین، هەزار و یەك كێشە هەیە، كەی كاتی ئەمەیە، بەڵام دڵنیام زاڵ دەبین بەسەر ئەو كێشانە و ئەو ئاڵنگارییانەی كە روویان لە هەرێم كردووە”.
دڵنیایی ئەوەشیدا “ئەمڕۆژە تێدەپەڕێنین”.