وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگهیاند، ئەو چالاکییە سەربازییانەی کە ئەمریکا و بریتانیا لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن، لەوانەش هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر یەمەن، عێراق و سوریا و بەردەوامی پشتیوانی لە دەستدرێژیی ئەو قەوارە ئیسرائیلییە، پێچەوانەی ئەو پەیام و دروشمانەیە کە دەیخەنەڕو، دهشڵێت، “پەیوەندیهكانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدایە”.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهمڕۆ دوشهممه له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، “کارەکانی ئەمریکا ڕون و ئاشکران، حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت ئەو قەوارەی زایۆنی ئازاد بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە تاوانەکانی له فهڵهستین، هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە و پێشێلکردنی سەروەری نەتەوەیی سوریا و عێراق و یەمەن هەوڵێکه بۆ دورخستنەوەی ڕای گشتی لە سهرنجی لهسهر قەیرانی فەڵەستین بەرەو ئاڕاستەکانی دیکە، ناوەندی قەیرانەکە هێشتا لە فەڵەستیندایە و چارەسەریش کۆتاییهێنانە بە کۆمەڵکوژییەکە”.
ئهوهشی خستهڕو، “کردەوەکانی ئەمریکا و بریتانیا، بەتایبەتی لەم دواییانەدا ئەوە دەردەخهن کە تێگەیشتنێکی دروستیان بۆ چارەسەر لە ناوچەکە نییە و لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر ناوەندی قەیرانەکە بێت، سەرنجیان لەسەر پەراوێزەکانە، ئەم مەسەلە و هەڵسوکەوتە پێچەوانەی بانگەشەکانیانە کە دەڵێن مەودای شەڕ لە ناوچەکەدا فراوان نابێت”.
پهیوهست به پهیوهندیهكانی ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان، كهنعانی وتی، “پەیوەندیهكانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدایە، بەرژەوەندی هاوبەشیان پێکەوە هەیە و بەرژەوەندی هاوبەش داوامان لێدەکات، لە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەشدا بەسەر هەندێک بابەتی مشتومڕدا زاڵ بین و هیچ بەربەستێک لە بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دو وڵاتە نییە”.