مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگهیاند، لهلایهن هێزهكانی ئهمریكاوه دڵنیایی پێگەیشتوە کە هیچ کشانەوەیەک لە سوریا نە لە ئێستا و نە لە ئایندەیەکی نزیکدا رونادات، ئەوەشی ڕەتکردەوە كه لە واشنتنەوە ئامۆژگاری وەرگرتبو بۆ کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.
مەزڵوم كۆبانێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كه له رێگهی ئەپڵیکەیشنی زومەوە ئهنجامدرا، رایگهیاند، خێرایی هێرشەکانی تورکیا و بەئامانجگرتنیان لەم دواییانەدا دو هێندە زیادیکردوە بۆ ئەوەی ژێرخانی و توانای سەرەتایی لەو ناوچانە لهناوبهرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی لە سوریای دیموكراتدایه له باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەمریکا گەرەنتی ئەوەی داوە کە تورکیا فڕۆکەی F16 کە واشنتن ڕازی بوە بە ئەنقەرە بیفرۆشێت، دژی هێزەکانی هەسەدە بەکارنەهێنێت، بهڵام لهم دواییانهدا تهنها توركیا هێرشی نهكردوه بهڵكو میلیشیاکانی سهر به ئێران هێرشیان كردوه هەروەها لە هێزەکانی ڕژێمی سوریاشەوە هێرشكراوه، ئهوهش بە قۆستنەوەی ئەو هەلومەرجەی کە لە دوای شەڕی غەززە لە ناوچەکەدا سەریهەڵدا لە هەوڵێکدا بۆ فشارخسته سەر هێزەکانی ئەمریکا.