وڵات_میدیا #کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە ؛
_ دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی
بەڕێز لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هەڤاڵان و تێکۆشەرانی خەباتی رێکخراوەیی
سەرکەوتنی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) لەماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەكێتییانە و هەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردە و پێشنیاری نوێ بۆ خۆڕێکخستنەوەی کاری رێکخراوەییتان لە سەر ئاستی مەکتەب، مەڵبەند، کۆمیتە و ئۆرگانەکان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە
هەڤاڵانی خۆشەویست..
بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیارەکانتان هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەکرێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کاری رێکخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم هەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەکانمان بە رێگەیەکی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە کاری رێکخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت هاونیشتمانیان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا دەبن.
بەڕێزان
رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەک وزە و دیدگایەکی نوێ، روویەکی گەشتری بە کۆنفرانسەکەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی کارای ئەوان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێکۆشەرانمان، دەتوانین کارەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی باشتر رێکبخەینەوە و کار و ئەرکەکانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆ بێت.
هەڤاڵانی یەکێتی
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، پاشان کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن، سەرەتای قۆناغێکی نوێی کاری رێکخراوەییمانە. نوێکردنەوەی سەرجەم مەکتەب و دامەزراوەکانی حزب، پێویستیی قۆناغەکەیە و دەبێت هەموولایەک بە رۆحێکی یەکێتییانە و بەرپرسیارانە هەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پرۆژەکانتان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانکارییەکان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
شاد و سەرفرازبن
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED