ئەندامێکی لیژنەی هەمواری یاسای، راگەیاند، لە ئێستادا هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و چاوەڕێ دەکرێت رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و ئەگەری هەیە لە سەرەتاکانی مانگی (ئازار/3) بگاتە پەرلەمان و وتیشی، “رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوان لایەنە سیاسییە شیعەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری بڕگەکانی پەیوەست بە پارەدارکردنی هەرێم.”
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی هەمواری یاسای بودجە، راگەیاند، لە ئێستادا هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، دوای کۆتایی هاتنی کاروبارەکان، رەوانەی لیژنەی هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تاوتوێکردنی لە لیژنەی هەمواری یاسای بودجە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگی (شوبات/2) یاخود لە سەرەتاکانی مانگی (ئازار/3) رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت.
جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوان لایەنە شیعەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتدا هەیە و سەرجەمیان لەگەڵ ئەوەدان هەمواری یاسای بودجە بەهەموارکردنەوەی بڕگەکانی پەیوەست بە پارەدارکردنی هەرێم تێپەڕێت، ئەگەر پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوش کێشەی بۆ دروست نەکات هەمواری یاساکە بەبێ گرفت دەنگی پێدەدرێت.