سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی عێراق هۆشداریدا له مه‌ترسی دیارده‌ی فرۆشتنی ده‌رمان له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، هاوكات په‌یامێكی بۆ لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌كان نارد و راشیگه‌یاند، به‌شێك له‌و ده‌رمانانه به‌شێوه‌ی نافه‌رمی و نایاسایی هاورده كراون.
مسته‌فا هه‌یتی سه‌رۆكی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان ڕایگه‌یاند، “دیارده‌ی فرۆشتنی هه‌ندێك ده‌رمان له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه یه‌كێكه له‌و دیارده مه‌ترسیدارانه‌ی كه زیانێكی گه‌وره و مه‌ترسیدار به ته‌ندروستی هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی نازانستی و ناپیشه‌ییه، ئه‌م بابه‌ته قه‌ده‌غه‌یه و به‌پێی یاسا به توندی لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سی تۆمه‌تبار ده‌كرێت”.
وتیشی، “یاسا پشتڕاستی ده‌كاته‌وه كه ڕیكلامكردن بۆ ده‌رمان یان ئاماده‌كاری پزیشكی دروست نییه جگه له دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی له گۆڤاره پزیشكییه په‌سه‌ندكراوه‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ده‌فرۆشرێن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گۆڤارانه‌ن و زۆرجار بازرگانین و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه پشكنینیان بۆ ناكرێت، هه‌ندێكیان به شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی و نایاسایی هاورده‌كراون”.