کەمتر لە دوو هەفتە ماوتەوە لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا لە واشنتنی پایتەخت لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرس و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان و هەروەها کەسانی ئەمریکی.
15ی ئهم مانگه، دادگای فیدڕاڵی لە واشنتن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەرنا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.
ماڵپهڕی دەنگی ئەمریکا بڵاویكردهوه، پەڕاوەکانی کەیسەکە و فەرمانی دادگاکەی دەستکەوتوە کە لە لایەن دادگاکەوە بڵاوکراونەتەوە، سکاڵاکان سێ لایەن کردویانە، (ڕێکخراوی KURDISTAN VICTIMS FUND ، مەکی ڕەڤەند ، JOHN DOES 1-5000).
ناوی JOHN DOES 1-5000، دەستەواژەیەکە لە دادگاکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت، ئیدی دەکرێت یەک کەس بێت یان پێنج هەزار کەس بن.
هەر سێ لایەن لە ڕێگەی دو پارێزەرەوە سکاڵاکانیان لە دادگای واشنتن تۆمارکردوە، ئەوانیش پارێزەر Paul Mickelsen کە وەک خۆی دەڵێت، زیاتر لە 17 ساڵ ئەزمونی لە کارەکەی هەیە و زیاتر لە 2500 سکاڵای یاسایی لە دادگاکان تۆمارکردوە و بە یەکێک لە باشترین پارێزەرەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا دادەنرێت، پارێزەی دووەم James R. Tate ، زیاتر لە 40 ئەزمونی لە کارەکەی هەیە و گەیشتوەتە بەرزترین پلەی لێهاتویی کە پارێزەر دەتوانێت پێی بگات.
هەردو پارێزەرەکە داوادەکەن بڕی 9 ملیار دۆلار سزای دارایی بسەپێنرێت بەسەر ئەو کەسانەی لە کەیسەکەدا تۆمەتبارکراون بەوەی دەستیان هەبوە لە ئەشکەنجەداندا و بەپێی یاسایەکی ئەمریکا بۆ پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجەدان، داوادەکەن قوربانییەکان قەربوکردنەکانیان زیاتر بکرێن و بگاتە سێ هێندە.
هەروەها داوای سەپاندنی 9 ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بسەپێنرێت بەسەر ئەوانەی تۆمەتبارکراون بەپێی یاسای دژە تێرۆری ئەمریکا، داوا دەکەن دادگا بڕیاری قەرەبووی قوربانیانی ئەو تۆمەتانە بدات.
لەگەڵ ئەوانەشدا داوادەکەن دادگا بڕیار بدات تۆمەتباران تەواوی خەرجییەکانی ئەم کەیسە بدەن.
فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە و تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردوە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەریکایین.
