کۆشکی سپی وەک پەڕاوی کۆنی قەرز!
(دەربارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا)
قسەیەک هەیە دەڵێ؛ جو کە لات بوو بۆ پەڕاوی قەرز دەگەڕێ! ئەمە رێک بۆ حاڵی ئێستای مەسرور بارزانی و سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا ڕاستە!
ئەو سەردانە لایەنی باڵای ئەو وڵاتە رێکینەخستوە، بە گوێرەی زانیارییەکان سیاسیەکی دیاری کورد چەند دیدار و چاوپێکەوتنێکی بۆ مەسرور بارزانی رێکخستوە، جا لە ماوەی مانەوەیدا کێ تر لە بەرپرسانی باڵا لەدەرەوەی ئەو دیدارانە دەیبینێ ( لەوانە بەتایبەتی وەزیری دەرەوە کە لە داڤۆسەوە داوای دیدارێکی سنورداریان لێکردوە) دەوەستێتە سەر ئەو لۆبیەی پارتی لە ئەمریکا هەیەتی و ساڵانە سەدان هەزار دۆلاری تێدا سەرف دەکا!
ساڵی ٢٠١٧ دوای ریفراندۆم، ئەو کاتە مەسرور بارزانی و باوکی گوایە بە هۆی بێ هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ریفراندۆم سزای کۆشکی سپی ئەدەن، هەردوکیان بێ ئاگاداری هیچ کەس و لایەنێک (تەنانەت نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکی حکومەت بوو)، بە هەوەس و زەوقی خۆیان چەند گرێبەستێکی نەوتی هەرێمیان بە بۆڕیەکەشەوە دایە کۆمپانیا ڕوسیەکان و لە کۆڕ و دیدارە تایبەتەکانیان دەیانگوت جارێکیتر هەرگیز متمانە بە ئەمریکا ناکەنەوە و بە دوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێن؟!
ئەوەبوو ئەنجامی ئەو هەڵە ستراتیژییە بە خێرایی بینرا، مەلەفی نەوتیان بە خڕی دۆڕاند، تڕە کەڵەکی ئابوری سەربەخۆ هاڕەی کرد و داڕوخا، هەرێمی کوردستان تا دوا ڕادە لاوازکرا! ئەنجامەکەشی ئەوە بە بەرچاوانەوەیە؛ بێ نەوت، بێ مووچە، بێ هیچ دەرەتانێک کەوتونەتەوە بەردەرگای کۆشکی سپی و دەڵێن؛ ئێمە کردمان تۆ نەیکەی!!
ئەمریکا لە ریفراندۆم راستگۆ بوو لە پەیامەکانیدا پێیگوتن مەیکەن، کردیان و (حسابیان بۆ رەئیا یەک بەشەری نەکرد!)! لە مەلەفی نەوت ڕوون و ڕاشکاوو بوو، مەکگورک چەند جارێک پێیگوتن؛ لەگەڵ نەوتی عێراق بیکەن بە پارچە کێکێکی گەورە بەقسەیان نەکرد! ئێستاش پەیوەست بە چاکسازی و گۆڕانکاری لە هەرێمدا پەیامەکانی ڕوونە، ئەمریکا هەموو ئەوانەشی لەبەر چاوی کاڵی کورد و هەرێم نییە بەڵکو هاوکێشەی بەرژەوەندیەکانی خۆی وا دەخوازێت!
ئەمریکا لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا، حەقی زۆر بواری نەبوە کە وڵاتان و کۆمپانیاکان بە ئارەزوی خۆیان بازرگانی تێدا بکەن جگە لە بواری ووزە و چەک، کە مەساحەی هەرە گەورەی لەو دوو بوارەدا بۆ خۆی و دۆستەکانی داناوە! کەچی بۆڕی نەوتێک کە بە هەزار حاڵ و حەلوەلا ڕاکێشراوە بڕۆی گوایە رقی ئەمریکای پێ هەڵدەستێنی بیدەیە ڕووسەکان، ئێ ئاخر ئەمە چ بڕیار و سیاسەتێکە؟! چ لێزانی و شارەزایی و لێهاتوویی و عەبقەریەتێکە؟!
لەو کاتەوەی مەسرور بارزانی بووە بە سەرۆکی حکومەت، بە هەردوو دەست لە دەرگای کۆشکی سپی ئەدا هەتا ئێستاش بە فەرمی لێی نەکراوەتەوە، جاران و پێش ریفراندۆم بۆ باوکی دەرگای کۆشکی سپی و دیداری خودی سەرۆک و جێگرەکەی کراوە بوو تەنانەت نەوەکانیشی دەبرد سێڵفی بگرن، ئێستا و بەتایبەتی دوای ئەو کەتنانەی لە سەرەوە باسکران، دوای زیاتر لە سکاڵایەکی یاسایی و جوڵەی ڕوونی چەند چالاکوان و رۆژنامەوانێکی کورد دژ بە ئەدائی شەخصی و خێزانی و حکومەتەکەی، جوڵەکانی مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بە تەواوی سنوردارە خۆشی لە هەموو کەس باشتر ئەو ڕاستییە دەزانێ، ئەگەرنا لەم سەروەختی پێش هەڵبژاردنەی ئەمریکا، دەبوو پێشوازی و دیدارەکانی ئاستی تر و گەڕموگوری زۆریان هەبوایە.
بەهەرحاڵ سەرباری هەموو ئەوانەش بەڵکو لەو سەردانەوە فێر ببێت هێشتا زووە (کۆشکی سپی) بە (کرمیلن) بگۆڕێتەوە، یان تێبگا تۆمەتبارکردنی رۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان بە سیخوڕی بۆ کونسوڵخانەی ئەمریکا کاری نەکردەیە و زۆر هەڵەی تریش کە نیازیان بە نوسینی کتێبێکە نەک ووتاری لەم چەشنە!!
سەردانەکە هەرچۆنێک بێت بەڵکو ببێتە دەرس، لانیکەم لە دابەزین لەو غرورە زۆرەی کە لە ناوەرۆکدا بەتاڵە!
بە لاتی گەڕان بۆ پەڕاوی کۆنی قەرز، سودێکی ئەوتۆی نابێ، بەڵام حەتمەن لە هیچ باشترە!