زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگەکانی شوبات و ئازار ئاشکرا دەکرێت

  • March 3, 2024
  • 121 Views
زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگەکانی شوبات و ئازار ئاشکرا دەکرێت

سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند، موچەی مانگی (شوبات/2) بە گوێرەی ئەو داتا و ئامارانە دابەش دەکرێت کە حکومەتی هەرێم ئاڕاستەی بەغدای کردوە، بەڵام لە مانگی (ئازار/3)ەوە دەبێت موچە لە رێگەی کارتی بانکییەوە دابەش بکرێت، جەمال کۆچەریش دەلێت، “کێشەی موچە چارەسەرکراوە”.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای هەمواری موچە هێشتا لەلای حکومەتی عێراقییە و نەگەیشتوەتە پەرلەمان، ئەو پرسەش لە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە، ئەرکی لیژنەی داراییش زانینی رێرەوی زیادکردنی موچەکانە لەو پڕۆژەیاسایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، موچەی مانگی (شوبات/2) لەسەر بنەمای ئەو داتا و ئامارانە دەدرێت کە حکومەتی هەرێم ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی دەکات، بەڵام بۆ موچەی مانگی (ئازار/3) حکومەتی هەرێم پابەنددەرێت بە جێگریکردنی موچەی فەرمانبەرەکانی لە بانکە نیشتمانییەکان.

ئەوەشی خستەڕو، پێویست بو پێش کۆتایی هاتنی ساڵی 2023، رەشنوسی هەمواری بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرایە، بەڵام هێشتا هەمواری ئەو یاسایە لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیران، ئەمیندارێگری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانانەوە پێداچونەوەی پێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ئەمساڵی تێدا جێبەجێ بکرێت.

عەتوان عەتوانی وتی، لە مانگی (نیسان/4)ی داهاتو، پێشبینی دەکرێت رەشنوسی هەمواری بودجە بگاتە پەرلەمان.

لە بارەی موچەوە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی هەمواری یاسای بودجە ئەوەی ئاشکراکرد، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا هاتوە و پارەی بۆ دابینکراوە، بەڵام پابەندنەبونی حکومەتی هەرێم رێگری لێدەکات.

دەشڵێت، بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، حکومەتی بەغدا پابەندکراوە بە خەرجکردنی موچەت فەرمانبەران، جا ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند بێت یاخود نا، موچەی مانگەکانی داهاتو لە رێگەی کارتی بانکییەوە وەردەگیرێت، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت پرسی موچە چارەسەرکراوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو