کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت نەکراوە، بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.
ئەو کۆمەڵەیە کە بە “ئەپیکور” ناسراوە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لێدوانەکانی ئەم دواییانەی لێپرسراوانی عێراق کە دەڵێن رێککەوتن کراوە سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق_تورکیا، ھیچ بنەمایەکیان نییە، ناشزانن پاڵنەری پشت ئەو لێدوانە ھەڵانە چین.
راشیگەیاند، تائێستا ھیچ پێشنیازێک لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم نەخراوەتەڕوو ھیچ رێککەوتنێکیش نەکراوە، مانگانەش عێراق بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە یەک ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت.