بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکە، “لە تەوەری یەکەمدا، بەدواداچوون بۆ ئەو تانانە دەکرێت سەبارەت بە راستی و دروستی بەئەندامبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دواتریش دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەموارى دووەمی تۆڕی راگەیاندنی عێراق دەدرێت”.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، “خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتننامەی پەیوەست بە پێشانگاکانی نێودەوڵەتیی پاریس دەکرێت کە لەساڵی 1928 واژۆکراوە و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدان دەکرێت”.
لەتەوەری پێنجەمی دانیشتنەکەشدا، “خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی ماڵ و موڵکی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق دەکرێت و گفتوگۆ لەسەر(خوێندنەوەی دووەم)ی پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتنی نێودەوڵەتی زەیتی زەیتون دەکرێت”.
لە کۆتا تەوەری دانیشتنەکەى ئەنجوومەنى نوێنەراندا، “گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی داهاتەکانی گەندەڵی دەکات کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە پێشکەشکراوە”.