خۆرەکەش دەچێتەوە خزمەتی پارتی
نوسینی، سەروەر بەرزنجی
بەشێکی بەرچاو لەناوی لیستەکان ڕاگەیەنران،بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،
ئەوەی جێگەی تێڕمانە لیستی خۆرەکەیە ھاوشێوەی مۆمەکەی ٢٠٠٩ ئەو مۆمەی یاری بەزیاتر لە ٥٠٠ ھەزار دەنگدەری کوردستانکرد،بەتایبەت دەنگدەرو لایەنگرو ئەندامانی یەکێتیی و پارێزگای سلێمانیش بەگشتی، کۆی بەرھەمی ئەو ٥٠٠ ھەزار دەنگدەرە تەنیا چەند کەسێک خواردیان و دوواتریش زۆرینەیان بوونە پارتی،زەقترین نموونە ڕێباز حەملان ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دارایی و مەسعوود عەیدەری بریکاری وەزیری دارایی عێراق،مۆمەکە بوو بەھۆی گەورەکردنی پارتی لەڕووی کورسی پەرلەمان و تەواوی جوومگەکانی ھەرێمی کۆنتڕۆڵکردو پارێزگای سلێمانی خرایە پەراوێزە.
ئێستا دووای ١٤ ساڵ خۆرێک ھاتۆتە گۆرەپانەکە ئەگەر خەڵکی سلێمانی ھاوشێوەی ٢٠٠٩ دووای مۆم و پەرداخ و گڵۆپ کەون ئەوە بەدڵنیایی لە کابینەی داھاتوو دەبێت وەک دڵۆپە باران چاوەڕێیی خزمەتگوزاری بکەن و دەبێ چاوەڕێیی ئەوەبکەن سلێمانی بەتەواوی پشتگوێ دەخرێت
لەکۆتاییدا چۆن مۆمەکە بەرھەمی ٥٠٠ ھەزار دەنگی خستە خزمەتی پارتی خۆرەکەش ھەر ئەوە دەکە،مێژووش ئەو ڕاستییە زۆر باش دەسەلمێنێت.