وڵات_میدیا #کوردستان
زیاد جەبار ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانی
٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جینۆسایدی ئەنفال، ڕژێمی بەعس دڕندانەترین تاوانی مێژووی مرۆڤایەتی بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامدا، تاوانێک هەموو سنورەکانی تێپەڕاند و زیندە بەچاڵکردن و بێ سەروشوێنکردنی (١٨٢) هەزار لە مناڵ و گەنج و پیر و وێرانکردنی (٤٥٠٠) گوندی کوردستانی لێکەوتەوە، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی حوکمی بەعسی بۆ خودا و خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرخست، ئەنفال برینە گەورەکەی سەردڵمان و ئازارە نەبڕاوەکەی ناو ڕووحمانە یادیان بە بەرزی لەدڵماندا دەمێنێتەوە.
ڕژێمی بەعس جیاوازی نێوان ڕەنگ و بۆچونە جیاجیاکانی نەدەکرد ئامانجی سڕینەوەی شوناس و زمان و کلتوری کوردی بوو، ئێمەش نابێت ئەوە لەبیرکەین وەک کورد خاوەنی یەک چارەنوسی هاوبەشین، دەبێت پاراستنی کوردستان و خەڵکەکەی لەپێشینەی کارەکانمان بێت، چیرۆکی هەرتاکێک لە ڕزگاربوانی ئەنفال ڕۆمانێکی تراژیدی گەورەیە، دەبێت کاربکەین بۆ هێنانەوەی سەرجەمی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ باوەشی گەرمی نیشتمان و خزمەتکردنی کەسوکارە سەربەرزەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەرێمەکەمان، پتەوکردنی پایەکانی حوکمڕانی و پەرەپێدان بە دیموکراسی، هەروەها یەکێتی و یەکڕیزی جێگەی لێکترازان و ناکۆکیە سیاسیەکان بگرێتەوە و ناساندنی تاوانەکە لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جینۆساید کەئەمانەش ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی لێدەکەوێتەوە و ڕۆحی شەهیدانی ئەنفال ئاسودە دەکات.
دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی فیدراڵیش لەبری کەمتەرخەمی بەرامبەر بە کەسوکاری ئەنفال بەرپرسیارێتی سەرشانیان جێبەجێ بکەن و بەدەم داوا ڕەواکانیانەوەبن و بەشێکبن لە کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، دەبێت ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین خەبات و قوربانیدانی گەرمیانیەکان پشکی شێریان لە دروستکردنی ئەم ئەزمونە بەردەکەوێت خزمەتکردنیان وەفاداریە بۆ خوێنی شەهیدەکانیان.
سڵاو بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان و خۆڕاگری کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/+T_2uNS6SGDY81Igc