پارێزگاری هه‌ولێر له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وكه به‌رده‌وامه بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌ی به هۆی پابه‌ند نه‌بونه بوه به ڕێنماییه‌كان، یان ده‌ستێكی خراپكاری له پشت بوه و ده‌شڵێت، “ئه‌منیه‌تی بازاڕه‌كه ده‌درێته ده‌ست ئاسایش و پۆلیس”.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به ئاماده‌بونی جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوه‌ندی و سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای هه‌ولێر، له دیوانی پارێزگا، پێشوازیكرد له به‌شێك له دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری.
له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، “وه‌ك حكومه‌ت و پارێزگای هه‌ولێر، له ئێوه زیاتر دڵگران و خه‌مبارین به‌و ڕوداوه‌ی له بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ڕویداوه، چونكه هه‌ولێر واتا (قه‌ڵا، مناره و بازاڕی قه‌یسه‌ری) حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگای هه‌ولێر گرنگییه‌كی زۆر به‌و سێ شوێنه ده‌ده‌ن، چونكه ئه‌و شوێنانه ناسنامه‌ی شاره‌كه‌مانن، هه‌روه‌ها نه‌ك ئێمه به‌ته‌نها بگره هه‌مو خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر دڵگران و خه‌مباره به سوتانی ئه‌و بازاڕه”.
وتیشی، “لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وكه به‌رده‌وامه بۆ ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی، كه ئایا به هۆی كه‌مته‌رخه‌می و پابه‌ند نه‌بونه بوه به ڕێنماییه‌كان، یان ده‌ستێكی خراپكاری له پشت بوه، به‌مزوانه ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ رایگشتیی ئاشكرا ده‌كرێت و هۆكاری سه‌ره‌كی ئاگركه‌وتنه‌وه راده‌گه‌یه‌نرێت”.