وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوێکدا رەتی کردوەتەوە حکومەتی هەرێم 50٪ی داهاتی نانەوتی رادەست بکات، بەڵکو داوای تەواوی داهاتی نانەوتی مانگەکانی (کانونی یەکەم/1)، (شوبات/2) و (ئازار/3) دەکات.
لە رۆژی 9ی مانگی (ئایار/5) وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردوە و تێیدا هاتوە، لە نوسراوی حکومەتی هەرێم هاتوە کە رێژەی 50٪ی داهاتی خاڵە سنورییەکان و رێژەی 50٪ی داهاتی باجی مانگی (شوبات/2) دەخرێتە سەر گەنجینەی فیدڕاڵی.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم پێشێلکاری بڕگەی دوەمی ماددەی 21ی بودجە و ماددەی 29ی یاسای کارگێری دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 دەکات کە نەخەشەی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکان دادەڕێژێت.
ئەوەشخراوەتەڕو، لە نوسراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتوە داهاتە نانەوتییەکانی مانگی (شوبات/2) و (ئازار/3)ی سالێ 2024 رادەست دەکرێت، بەڵام ئاماژە بە داهاتی مانگی (کانونی دوەم/1) نەکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێم پێشێلکاری لە دەقی ماددەی (12/دوەم/د)ی یاسای بودجەی گشتی کردوە، چونکە تەواوی داهاتی نانەوتی رادەستنەکردوە.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوەشکراوە، هەژماری تایبەت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق بۆ داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە باڵانسەکەی سفرە و هیچ بڕە پارەیەکی تێدا داغڵ نەکراوە.
