کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکى لە راپۆرتێکدا ڕایگهیاند، “لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا و لە رێگەی ئەو رێگا سەربازییانەی تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بنیادی ناون، 300 تانک و زرێپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون”.
لە راپۆرتەکەى تیمى کوردستانى رێکخراوەکە هاتووە، “لە سێ رۆژدا نزیکەى هەزار سەربازى تورکیا لەنێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن و لەبەرەبەیانى 25ـى حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینیان لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە، هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتوچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی رێگەی پێدەدرێت بڕوات”.
وتوشیەتى، “لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت، بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زنار و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا دەبێت، ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا رووبدات ئەوا لەناو ئاواییەکاندا دەبێت و شارەدێکانی ئەو ناوچەیە ببنە گۆڕاپانی شەڕ”.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، “ئامانجێکی دیکەى تورکیا لەم جوڵە سەربازییە گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیڵادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارایە، بەمە حکومەتی هەرێمى کوردستان 70% بۆ 75%ـى سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات”.