ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بوە لە 10 ساڵی ڕابردودا، بەرامبەر ئاوەرە و پەنابەران بە زیادەوە، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کردوە؛ سەرەڕای گرفتە دارایی، ئابوریی و ئەمنییەکان.
بەوتەی ڕێبەر ئەحمەد، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، “بێ ڕاوێژ” بوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتوەکان و خودی ئاوارەکان، ئەمەش بوەتە جێگەی “نیگەرانی”ی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتوی کەمپەکان.
وتیشی، “ئەوەی لە هەموی ناخۆشتر، بڕیارەکە بەبێ ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئارامی و پاراستنی خەڵکەکە لە کاتی گەڕانەوەیان، دراوە.”
بەقسەی وەزیری ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ “گەڕانەوەی سەربەرزانە و ئارەزومەندانە”ی ئاوارەکانی دانیشتوی کەمپەکانە بۆ ناوچەکانیان، ئەمەشیان بە نوسراوی فەرمی ئاراستەی نوسینگەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان پێکدەهێندرێت بە مەبەستی پێداچونەوە بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی داخستنی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕو، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە، دوای ئاراستەکردنی نوسراوەکە بۆ نوسینگەی سودانی دەرکراوە.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی لیژنەکە لە زوترین کاتدا دەست بە کارەکانی بکات تاوەکو باشترین چارەسەر بۆ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ ناوچەکانیان بدۆزرێتەوە.